لەژێر چاودێریی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوو پڕۆژه‌ى كاره‌با كرانه‌وه‌

لەژێر چاودێریی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوو پڕۆژه‌ى كاره‌با كرانه‌وه‌
لەژێر چاودێریی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەردوو پرۆژەی بەگەڕخستنی وێستگەی مۆبایلی گۆڕینی ڤۆڵتیەی 11/132 كەی ڤیی شەمامك بەگوژمەی و دەرهێنانی پێنج فیدەر كرانه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26/1/2021، له‌ژێر چاودێریی مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى ئەندازیار كەمال محه‌مه‌د ساڵح، وەزیری كارەبا و هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەكالەت، لە مەراسیمێكدا هەردوو پڕۆژەی بەگەڕخستنی وێستگەی مۆبایلی گۆڕینی ڤۆڵتیەی 11/132 كەی ڤیی شەمامك بەگوژمەی 1 ملیۆن و 658 هەزار دۆلار لەلایەن كۆمپانیای (بیست) و دەرهێنانی پێنج فیدەر بەگوژمەی 588 ملیۆن دینار، لەلایەن كۆمپانیای (پاڵۆس) كرانه‌وه‌.

لە دەستپێكی مەراسیمەكەدا وەزیری كارەبا وێڕای سوپاسی پارێزگاری هەولێر و هەردوو كۆمپانیای (بیست و پاڵۆس) كە پابەندی ڕێنوێنی و ڕاسپاردەكانی وەزارەت بوون و لە ماوەیەكی كەمدا هەردوو پڕۆژەكەیان بە كوالێتییەكی باش جێبەجێ كردووە، پیرۆزبایی لە خەڵكی ناوچەكە كرد ئاماژەی بە گرنگیی ئەم دوو پڕۆژەیە كرد و گوتی: "ئەم دوو پڕۆژەیە تەواوكەری یەكترن و كارەبا بە سنووری ناحیەی شەمامك و بەشێك لە گوندەكانی ناحیەی گوێڕ دەدەن، هه‌روه‌ها ڕۆڵیان لە چارەسەری بارزۆریی سەر هەردوو وێستگەی پیرداود و تەرجان و فیدەرەكانیان دەبێت".

هه‌ر له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا پارێزگاری هەولێر بەوەكالەت، بۆ دابینكردنی وێستگەی گۆڕینی مۆبایلی كارەبا كە بۆ گوندەكانی دەشتی هەولێر و كەمكردنەوەی بارزۆری و چارەسەركردنی كێشەی ڤۆڵتییە گرنگن، سوپاسی وەزارەتی كارەبای كرد.

دواتر وەزیری كارەبا و پارێزگاری هەولێر بەوەكالەت یەكەكانی وێستگەكەیان بەسەر كردەوە و وێستگەكەیان بەگەڕ خست، هەر لەو مەراسیمەدا وەزیری كارەبا لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا باسى له‌وه‌ كرد: "لە ماوەی ساڵ و نیوێكی تەمەنی كابینەكەدا، بەدەیان پڕۆژەی كارەبامان لە دەڤەرە جیاجیاكانی هه‌رێمى كوردستان كرووه‌ته‌وە و لە پلان و بەرنامەشماندایە لە گەرمیان و سلێمانی و دهۆك پڕۆژەی دیكە بكەینەوە، بەمەش توانیومانە ژێرخانی كارەبا بەڕادەیەكی زۆر باش ببووژێنینەوە، ئێستاش تەنیا گرفتی سووتەمنیمان هەیە، چونكە توانای وێستگەكانی كارەبا و ژێرخانی كارەبا بەشێوەیەكی زۆر باش ڕێكخراونەتەوە و بنیات نراون، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بارودۆخە ڕوو لە باشی دەكات".












باسنيوز


Top