پەرلەمانتارێک: ئەوانەی دژایەتیی ڕێککەوتنەکەی شنگال دەکەن بەرژەوەندیی کوردانی ئێزدییان نەگەرەکە

پەرلەمانتارێک: ئەوانەی دژایەتیی ڕێککەوتنەکەی شنگال دەکەن بەرژەوەندیی کوردانی ئێزدییان نەگەرەکە
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی ئاشکرای کرد، ئەو لایەنانەی دژایەتیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا بۆ پرسی ئاساییکردنەوەی شنگال دەکەن، دیارە ئەوان بەرژەوەندیی کوردانی ئێزدییان ناوێت.

حوسێن حەسەن نەرمۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕايگەیاند: "هێز و گرووپە نایاساییەکان لەناو شنگالدا تەنیا ئاڵای خۆیان لابردووە و جلوبەرگی خۆیان گۆڕیوە، کەواتە ئەو لایەنانەی کە دژایەتیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال دەکەن، خەریکن لەسەر حیسابی ئیزدییان کار بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەکەن کە هیچ لە قازانجی کوردانی ئیزدیدا نییە".

ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو گرووپ و لایەنانەی ناو شنگال پێویستە پابەندی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بن، چونکە خەڵکی شنگال ئیتر بێزار بوون و پێویستە دۆسیەی ئاوارەکانی شنگال و تەناهی و ئاوەدانیی ئەو سنوورە دەست پێ بکات".

حوسێن حەسەن ڕاشی گەیاند: دانانی ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال، لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە و دەبێ ئیدارەکەش لەدەستی خودی ئێزدییاندا بێت، بەتایبەتی قایمقام کە ئەوە لەناو ڕێککەوتنەکەدا هەیە کە دەبێ کەسێکی بێلایەن بێت".

ئاماژەی بەوەش کرد: "پاش دانانی قایمقامی نوێ بۆ شنگال، دوای ئەوەش بەڕێوەبەری ناحیەکانیش دەگۆڕدرێن، بەڵام هەتا ئێستا جێبەجێ نەبووە، بێگومان لایەنە ناشەرعەییەکانی ناو شنگال تەنیا بۆ بەرژەوەندی و مەرامی سیاسیی خۆیان کار دەکەن".












باسنيوز



Top