په‌رله‌مانتارێکی پارتی: لە ناوچەكانی ژێر دەستی پەكەكە و حەشدی شەعبی خێزانی داعش بە پارە نیشتەجێ دەكرێن

په‌رله‌مانتارێکی پارتی: لە ناوچەكانی ژێر دەستی پەكەكە و حەشدی شەعبی خێزانی داعش بە پارە نیشتەجێ دەكرێن
ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان كە هاوكات ئەندامی لێژنەی ناوخۆ و ئاساییش و ئەنجوومەنە خۆجێییەكانی پەرلەمانە، رایگەیاند، ماوەی چوار مانگە ڕێككەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی شنگال كراوە، كەچی چەكدارانی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان عێراق و سووریا زیادی كردووە.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە حەشدی شەعبیش لە ناوچەكەدا هێزەكانی زیاد كردووە و شوێنە ئایینییەكانی شیعە جاران یەك مەزاریان هەبوو، ئێستا كراون بە (١١) مەزار، زیاتر كار لەسەر بە شیعەكردنی ناوچەكە دەكەن.

ئەوەشی نەشاردەوە كە ئەوەی لە شنگال دەكرێت، دەستی هەرێمایەتی تێدایە و هەوڵدەدەن گرفت و ئاڵۆزی دروست بكەن، بۆیە ”دەبێت بەغدا ڕێككەوتننامەی شنگال بە زوویی و وەكوو خۆی جێبەجێ بكات، ئەگەرنا دوور نییە دۆخێكی خراپ و ئاڵۆز دروست ببیت و دوور نییە جارێكی دیكە لەو ناوچانە داعش سەرهەڵبداتەوە“.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لە ناوچەی بەعاج و ئەو ناوچانەی لە ژێر هەژموونی پەكەكە و حەشدی شەعبین، ڕۆژانە كەسوكاری چەكدارانی داعش بە پارە نیشتەجی دەكرێن.

هۆشداریشی دا لەوەی بەبێ جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال، جارێكی دیكە خەڵكی ناوچەكە بەهۆی ئاڵۆزیی دۆخەكە و سەرهەڵدانەوەی داعش، ئاوارە ببن.











باسنیوز


Top