سبەی لیژنەیەکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەری چاكسازییەكان كۆ دەبنەوە
بە مەبەستی بەدواداچوون و چارەسەركردنی كێشەی سزادراوان لە چاكسازییەكانی هەرێمی کوردستان، سبەی سێشەممە بەڕێوبەری چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 25ی1ی2021، حەسیبە گەردی ئەندامی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان بە ڕاگەیاند: "سبەی سێشەمە 26ی1ی2021 وەك لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ بانگهێشتی بەڕێوەبەری گشتی و سەرجەم بەڕێوەبەرانی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستانمان كردووە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ڕەوشی چاكسازییەكان و تەواوی ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە سزادراون و چاكسازییەكان لە هەرێمی كوردستان".
ڕاشی گەیاند: "ئەم بانگهێشتكردنە لەسەر بنەمای ئەو سەردانانەمانە، كە لە ماوەی ڕابردوودا وەك لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ چەندین جار لێژنەی لاوەكیمان پێك هێناوە بۆ سەردان و قسەكردن لەگەل ژمارەیەك سزادراو و بەڕێوەبەری چاكسازییەكان و لەبارەی كێشە و گرفتەكانیان لێژنەكانمان لە ئەنجامی ئەو سەردانانە چەندین ڕاپۆرتیان ئامادە كردووە".
ئەوەشی خستە ڕوو: "كۆمەڵێك كێشە لە ناو چاكسازییەكاندا هەن، وەک بچووكیی شوێن و ستافی كارمەندان و توێژەرە كۆمەڵایەتییەكان، ئەمانەش بوونەتە هۆكارگەلێك كە بە شێوەیەكی بەردەوام ئاریشەكان ڕوو لە هەڵكشان بكەن، بۆیە دوای گفتوگۆكردن لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری چاكسازییەكان دەتوانین بگەین بە میكانیزمێكی گونجاو بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان و بتوانین ڕۆلی چاودێری وەك خۆ بەجێ بگەیەنین".
باسنیوز
