وەزارەتی کاروباری شەهیدان: تەنیا لە شەڕی داعشدا ١٧٥٥ پێشمەرگە شەهید بوونە

وەزارەتی کاروباری شەهیدان: تەنیا لە شەڕی داعشدا ١٧٥٥ پێشمەرگە شەهید بوونە


بریکاری وەزارەتی شەھیدان و کاروباری ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ خاکی کوردستان بە خوێنی پێشمەرگە لە دەستی تیرۆریستانی داعش پارێزراوە و تەنیا لە شەڕی داعشدا ١٧٥٥ پێشمەرگە شەهید بوونە.

بەرەڤان حەمدی، ڕاگەیاند: "لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش ١٧٥٥ پێشمەرگە شەهید بوونە و ١٠ ھەزار پێشمەرگەی دیکەش بریندار و کەمئەندام بوون و پێشمەرگە توانی بە خوێنی خۆی پارێزگاری لە خاکی خۆی بکات".

گوتیشی: "جگە لەوەی کە ھێزەکانی ھاوپەیمانان بە ھێرشی ئاسمانی ھاوکارییان کردووین لە بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی داعش، لەسەر زەوی ھیچ ھێزێک جگە لە پێشمەرگە و سوپای عێراقیش لە سنوورەکانی خۆی، بەشداری لە شەڕی داعش نەکردووە، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئازایی پێشمەرگە نەبووایە، داعش پانتاییەکی زۆری خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستانی دەکەوتە دەست".

بەرەڤان حەمدی ڕونیشکردەوە کە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان خاوەنی پێشمەرگەی شەھیدن لە شەڕی داعش ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە تاکە ھێز کە ئەفسانەی داعش کە تیرۆرێکی نێودەوڵەتییە ، تێکبشکێنێ،ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە.






باسنيوز
Top