وەزارەتی دارایی ڕوونكردنەوە لەبارەی گرێبەستی فەرمانبەران دەدات
بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومهتى ههرێمى كوردستان، لەبارەی نوێكردنەوەی گرێبەستی فەرمانبەرانی گرێبەست و دابەشكردنی مووچەكانیان، ڕوونكردنەوە دەدات.
پەروین نووری، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابوورى، ڕاگەیاند: "ئەو نووسراوانەی كە لە وەزارەت و فەرمانگەكان بۆ نوێكرنەوەی گرێبەستی فەرمانبەرانی گرێبەست بەدەستمان گەیشتوون، فەرمانمان بۆ دەركردوون و بۆمان نوێ كردوونەتەوە، ڕۆژانەش بۆ وەزارەت و فەرمانگەكان دەنێرینەوە".
ئاشكراشی كرد، زیاتر لە 26 هەزار فەرمانبەر لە دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە گرێبەست كار دەكەن، گوتیشی: بۆیە كاتێكی دەوێت تاوەكوو نوێ دەكرێنەوە، هەندێك فەرمانگەش درەنگ نووسراوی نوێكردنەوەیان ناردووە، بەڵام بە دڵنیایی هەموویان نوێ دەكرێنەوە و كێشەیەك نییە".
بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستە ڕوو، مووچەی ئەو فەرمانبەرانە خەرج دەكرێت و كێشەی نیەی، گوتیشی: "زۆربەی زۆری ئەو گرێبەستانە كارەكانیان لای ئێمە تەواو بووە، لە سەرەتای ساڵەوە دەستمان بە نوێكردنەوەیان كردووە، ئەوەی نوێكردنەوەكەی تەواو بووبێت، ئەوە مووچەی لەگەڵ كارمەندانی هەمیشەیی فەرمانگەكەی پێدەدرێت، ئەوانی دیكهش دواتر مووچەكانیان پێدەدرێ و ئەو زانیارییە ڕاست نییە، كە خهڵكى دهڵێن مووچەكانیان دوا دهخرێت".
پەروین نووری جەختی لهوهش كردەوە، مەرجی نوێكرنەوەی گرێبەستەكان ئەوەیە، مووچەی دیكهیان نەبێت و لەسەر كاری خۆیان بەردەوام بن.
باسنيوز
