داقووق.. 11 گوندی کوردانی كاكەیی چۆڵ كراون

داقووق.. 11 گوندی کوردانی كاكەیی چۆڵ كراون
لە سنووری قەزای داقووق، كوردانی كاكەیی 16 گوند نیشتەجێن، سەرۆكی رێكخراوی میسرا بۆ پەرەپێدان و رۆشنبیریی یارسان دەلێت بەهۆی داعش و هێزە ئەمنییە سەپێندراوەكانی کەرکووکەوە ئێستا 11 گوندیان چۆڵ کراوە و تەنیا 5 گوندیان ئاوەدانە.

لەمبارەوە، ڕەجەب كاكەیی، سەرۆكی رێكخراوی میسرا بۆ پەرەپێدان و رۆشنبیریی یارسانی كە خۆشی خەڵكی سنووری داقووقە، ڕایگەیاند: "لە سنووری قەزای داقووقی سەر بە پارێزگای كەركووك، كوردانی كاكەیی خاوەنی 16 گوندن و لە كۆی ئەو ژمارەیەش 11 گوندیان بەهۆی خراپیی دۆخی ئەمنیی ناوچەكە و بوونی چەكدارانی داعشەوە چۆڵ كراون و تەنیا پێنج گوند خەڵکی تێدا ماوە، بەڵام ژمارەی ماڵەكان لەو گوندانەش كەم بوونەتەوە و خەڵكەكە ئاوارە بوون".

گوتیشی: "هەندێك لە گوندەكانیش بەتایبەت گوندی (مەتیق)ی كاكەیی نشین، بەهۆی ئەو فشار و رێكارانەی كە هێزە ئەمنییەکان پەیڕەوی دەكەن لە ناوچەكە بۆ نموونە لە كاتی هاتوچۆدا ڕێگری لە خەڵك دەكەن و پرسیاری زۆریان دەكرد لە كوێوە هاتن و بۆ كوێ دەڕۆن، بۆیە ئەوانیش گوندەكەیان چۆڵ كرد و بەشێك لە خەڵكەكە جگە لە داعش بەهۆی هێزە سەربازییەكانەوە ناگەڕێنەوە، چونكە هێزەكان كە بریتین لە سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق چوونەتە ناو گوندەكانەوە و لەناو ماڵی خەڵك بەتەمان خەڵک بپارێزن و بەشەكەی تریش وەك گوتم بەهۆی داعشەوەیە و هێزە ئەمنییەكانیش ناتوانن خەڵك بپارێزن".

بەشێكی زۆری كوردانی كاكەیی نیشتەجێی ناوەندی قەزای داقووقی سەر بە كەركووكن و ژمارەیەك گوندی تایبەت بە خۆیان هەیە هەر لە سنووری داقووق، بەڵام بەهۆی كوردبوونیان و ئایینەكەیانەوە هەمیشە دەكەونە بەر پەلاماری گرووپە توندڕەوەكان.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 میلیشیاكانی حەشدی شەعبی سنووری پارێزگای كەركووكیان داگیر كرد و لەو كاتەوە دۆخی ئەمنیی ناوچەكە تێك چووە و ژیانی كوردانی كاكەیی لەسەر زێدی خۆیان لە سنووری قەزای داقووق لە نەتەوە و ئایینەكانی تر زیاتر خراپ بووە.













باسنیوز


Top