نێچیرڤان بارزانی: بە دواداچوونی خێرا بکرێت بۆ هەر كەسێك كە لەسەر بیروڕای جیاواز دەستبەسەرە

نێچیرڤان بارزانی: بە دواداچوونی خێرا بکرێت بۆ هەر كەسێك كە لەسەر بیروڕای جیاواز دەستبەسەرە
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ رێکخەری سەنتەری میترۆ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان "داوای لە ستافەكەی كرد کە بەدواداچوونی خێرا بكەن بۆ هەر كەسێك كە لەسەر بیروڕای جیاواز، نووسین یان رۆژنامەگەری دەستبەسەرە" ئاماژەی بەوەشکردووە، "نابێت ئەوە لەبەرچاو نەگرن كە كەسێك بە ئەنقەست هانی تووندوتیژی و تێكدانی ئاشتیی كۆمەڵایەتی دەدات".

سەنتەری میترۆ لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەی رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەرەکە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە پێویستی زانی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان رێز لە بنەماكانی مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا بگرن، راپۆرتە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە رەوشی مافەكانی مرۆڤ بە هەند وەربگرن، یاساكانی تایبەت بە رۆژنامەگەری و زانیاری و خۆپێشاندان سەنگی مەحەكبن و وەك خۆیان جێبەجێبكرێن".

رێكخەری سەنتەری میترۆ، راپۆرتی رەوشی ئازادیی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2020ـی رادەستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رێكخەری سەنتەری میترۆ كورتكراوەی راپۆرتەكەی خستەڕوو، كە تیایدا "بە روونی دەركەوتووە كە هەرێمی كوردستان لە بواری ئازادی و رادەربڕین و رۆژنامەگەری لە بارودۆخێكی خراپدایە".

رەحمان غەریب بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوتووە، بەپێی راپۆرتەکەی ئەوان، "ئازادییەكان پێشێل دەكرێن، هاووڵاتیان لەسەر دەربڕینی بیروڕایان دەخرێنە زیندان، رۆژنامەنووسان نەك لەسەر كاری رۆژنامەگەری بەڵكو لەسەر پۆستێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە بنكەكانی پۆلیس و ئاسایش لێكۆلێنەوەیان لەگەڵ دەكرێت، دەستبەسەر دەكرێن و ئازار دەدەرێن، دەزگای میدیایی دادەخرێت و ئاستەنگ بۆ پێدانی زانیاری دادەنرێت".

سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش ئاماژەی بەوە کردووە، ئاگای لە راپۆرتی هەندێک رێكخراوی دیکەش هەیە، "پێویستە رێز لە رۆڵی چاودێرێكردنی رێكخراوەكان بگیرێت، لە بری سەرزەنشتكردنیان زەمینە خۆشتر بكرێت بۆ كارو چالاكییەكانیان". جەختیشیكردووەتەوە "هەموو راپۆرتێكی چاودێریكردن كە بابەتیانە و راستگۆیانە نووسراون، خزمەتكردنە بە هەرێمی کوردستان و ئەزموونەكەی، ئەمە رای منە".

لەبارەی یاساكانی تایبەت بە رۆژنامەگەری و پێدانی زانیاری و رێكخستنی خۆپێشاندان، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو یاسایانە بە دەنگدانی نوێنەرانی گەلی كوردستان دەرچوون، بۆیە "پێویستە ئەو یاسایانە وەك خۆیان جێبەجێبكرێن و لە كاتی مامەڵەكردن لەگەڵ رۆژنامەنووس و خۆپێشاندەر یان كەسێك كە زانیارییەكی هەڵە بڵاودەكاتەوە، نابێت یاسای دیکە جێگروەیان بێت".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی گوتووە، "پشتیوانی رۆژنامەنووسانم لە رێكخستنەوەی میدیای ئەلیكترۆنی بە شێوەیەك كە خۆیان بەشداربن لە نووسینی و پاشەكشە لە یاسای رۆژنامەگەری یان پێچەوانەی بڕگەكانی ئەو یاسایە نەبێت".

راگەیێندراوەکە دەڵێت، سەرۆكی هەرێمی کوردستان داوای لە ستافەكەی كردووە "بە دواداچوونی خێرا بكەن بۆ هەر كەسێك كە لەسەر بیروڕای جیاواز، نووسین یان رۆژنامەگەری دەستبەسەرە".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، "من لەگەڵ ئەوە نیم هاووڵاتی لەسەر شێوازی بیركردنەوەی لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت و ئازار بچێژێت، بەڵام نابێت ئەوە لەبەرچاو نەگرن كە كەسێك بە ئەنقەست هانی تووندوتیژی و تێكدانی ئاشتیی كۆمەڵایەتی دەدات، یان گوتاری رق و كینە بەرامبەر پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە، ئەوە تووشی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێت".

سەبارەت بە رەوشی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەكردووە، پاراستنی ئەزموونی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان و قەوارە سیاسییەكەی پێویستی بە هاوهەڵوێستی هەیە "با جیاواز بین لەوەی چۆن دەیپارێزین، بەڵام سەنگەر لە یەكدی نەگرین، جیاوازیی سرووشتی ژیانە، با كار بكەین جیاوازییەكانمان بۆ بەرژەوەندیی كوردستان و هاووڵاتیانی بشكێتەوە".
rudaw -
Top