پۆلیسی ڕاپەڕین: هەموو هەوڵێک دەدەین لە کەیسی سلێمان هەڵشۆییدا مافی هاووڵاتییان نەفەوتێت
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕايگەیاند: "لێکۆڵینەوە لە کەیسی سلێمان ھەڵشۆیی کە ٤٠ کەس بەھۆیەوە دەستگیر کراون، بە سەرپەرشتیی دادگای لێکۆڵینەوە دەستی بە کارەکانی کردووە و ھەوڵ دەدەین لە نزیکترین کاتدا ئەنجامەکەی ڕابگەیەنین و مافی ھاووڵاتییان بگەڕێنینەوە".
گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین گوتیشی: "بەدەر لەوەش ھەوڵەکانمان بۆ دۆزینەوەی پارەکە و بڕەکەی دەستی پێ کردووە، ھاوکات دەمانەوێت بگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئایا ئەو بڕە پارەیەی کە هاووڵاتییان لە مامەڵەکاندا باسی دەکەن ڕاستە، یان نا،بەتایبەت کە مامەڵەکە نایاسایی بووە و پشتی بە ھیچ بەڵگەیەکی دادگا نەبەستووە".
شۆڕش ئیسماعیل ڕوونیشی کردەوە: "تا ئێستا ٥٠ کەس سکاڵای لەدژی سلێمان ھەڵشۆیی تۆمار کردووە و ھەزار کەسی دیکەش ناوی خۆی بۆ تۆماری سکاڵا نووسیوە".
مانگی ڕابردوو (دیسەمبەری٢٠٢٠) ھێزەکانی ئاسایشی و پۆلیسی ڕاپەڕین بەھۆی بازرگانیکردنی نایاسایی و بردنی ملیۆنان دینار و ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی دیکەی ھاووڵاتییان، کەسێکیان بەناوی سلێمان ھەڵشۆیی لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین دەستگیر کرد و بەدوای ئەویشدا بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵی، چەند کەسی دیکەیان دەستگیر کران کە پێوەندییان بەو کەیسەوە هەیە.
باسنيوز
