سامان بەرزنجی: کۆتایی مانگى دوو پێکوتەی دژە کۆرۆنا دەگاتە عێراق
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢١ی١ی٢٠٢١ د. سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستیى حکوومەتی هەرێمى کوردستان لەمیانى بەڕێوەچوونى کۆنفرانسی پێداچوونەوە بە کارى نەخۆشخانە تایبەتییەکان لە پرێس کۆنفرانسێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "ئامانجمان کەمکردنەوەى نرخەکانە لە خزمەتگوزارییەکان لە نەخۆشخانە تایبەتییەکان، هەروەها لە ئاکارە تەندروستییەکانیش بە یاسا ڕێک خراوە و بابەتەکانى دیکە وەک چۆنیەتیى هەڵسوکەوتى نەخۆشخانەکان و ئەرکیان بەرامبەر کۆمەڵگە هەیە و یاساکەش وەک مافى نەخۆش و بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکانیش لە هەرێمی کوردستان کارى پێ دەکرێت، لەلایەکى دیکەشەوە کار لەسەر کەمکردنەوەى نرخەکان کراوە بۆ پشکنین و نەشتەرگەرى کە بواری دەرمانیش دەگرێتەوە".
وەزیری تەندروستی باسی لەوەش کرد: "وەزارەتى تەندروستى لەبارەى دەوامى پزیشکان و کارمەندانى تەندروستى و پزیشکان و دەوام و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان چاکسازیی کردووە".
لەبارەى وەرگرتنى پێکوتەی دژە کۆرۆنا بۆ هەرێمى کوردستان، د. سامان بەرزنجى ڕای گەیاند:" لیژنەیەکى باڵا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانى پێکوتە لەسەر هێڵن، ئێستا لە دوو ئاراستەوە کار لەسەر وەرگرتنى پێکوتەکە دەکەین و لەڕێگەى عێراقەوە کە تایبەتە و پشکى هەرێمى کوردستان دیاری کراوە و شوێنەکانى دابەشکردنیان دیاری کراوە و ئەوانەى کە بەکارى دێنن، خولیان بۆ دەکرێتەوە، پێشبینى دەکەین لە کۆتایی مانگى دوودا پێکوتەکە بگاتە عێراق و دواتر پشکى هەرێمی کوردستانیش دەنێردرێت".
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش کرد: "هەروەها لەگەڵ کۆمپانیاى ڤایزەر و ئەسترلێسیکا بۆ دابینکردنى پێکوتەکە کە ئەوە لەسەر ئاستى هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەسەر کراوە و ئاسانکاریش لەوبارەیەوە کراوە و ئێمە داواى نرخى پێکوتەکە و کاتى گەیشتنیمان کردووە، بەڵام هێنانی ئەو پێکوتە ئاسان نییە، چونکە هەم سنووردارە هەم کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان ژمارەیان کەمە".
باسنيوز
