ڕووفاتی 104 كەس لە قوربانیانی گوندی كۆچۆ دەگەڕێندرێنەوە بۆ شنگال
ئەمڕۆ چوارشەممە 20/1/2021، نایف جاسۆ، موختاری گوندی كۆچۆ، ڕایگەیاند: "پرۆسەی گەڕانەوەی رووفاتی قوربانیانی گوندی كۆچۆ بۆ گوندەكە دەست پێ دەكات كە حكوومەتی عێراق بە هەمائاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو كارە دەكەن، هاوکات تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە عێراق لەو پرۆسەیەدا بەشدارن".
ڕاشی گەیاند: "بڕیارە ڕێکەوتی 1/2/2021 رووفاتەكان لەڕێگەی فڕۆكەی سەربازییەوە بگەڕێندرێنەوە بۆ شنگال و لەوێشەوە بۆ گوندی كۆچۆ و لە ڕێورەسمێكی شایستەدا بەخاك دەسپێردرێن".
موختاری گوندی كۆچۆ گوتیشی: "بۆ یەكەمین جارە كە رووفاتی قوربانیانی گوندی كۆچۆ بگەڕێندرێنەوە بۆ گوندەکە و لە كۆی زیاتر لە 500 روفات، ئەم جارە 104 رووفات دەگەڕێندرێنەوە، و پرۆسەی گەڕانەوەی رووفاتەكان بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆناوە دوا خرابوو".
دانیشتوانی گوندی كۆچۆ لە ساڵی 2014 لەلایەن تیرۆریستانی داعش و لە کاتی هێرش بۆ سەر قەزای شنگال ڕووبەڕووی جینۆساید و کۆمەڵکوژی بوونەوە و دواتر لەگۆڕی بەكۆمەڵدا تەرمەكانیان دۆزرایەوە و پاشان لەلایەن تیمی تایبەتەوە گۆڕەكانیان هەڵدرایەوە و رەوانەی پزیشكی دادی بەغدا كران بۆ ناسینەوەیان و تا ئێستا پشكنینەكانی 104 رووفات تەواو بوون و بڕیارە 1/2/2021 رووفاتەكانیان بگەڕێندرێتەوە زێدی خۆیان و لەوێ لە ڕێورەسمێكدا بە خاك بسپێردرێن.
باسنیوز
