وەزارەتى پێشمەرگە: هاوپەیمانان دوو لیواى دیکەى پێشمەرگە پڕچەک دەکەن

وەزارەتى پێشمەرگە: هاوپەیمانان دوو لیواى دیکەى پێشمەرگە پڕچەک دەکەن
بەرپرسێکى وەزارەتى پێشمەرگە، رای گەیاند هاوپەیمانان بەردەوامن لە هاوکاریکردنى پێشمەرگە و لەم چوارچێوەیەشدا بڕیارە دوو لیواى دیکەى پێشمەرگە بە تەواوى پێداویستییە سەربازییەکانه‌وه‌ پڕچەک بکرێن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 19/1/2021، لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى رۆشنبیرى و هۆشیارى نیشتیمانیى وەزارەتى پێشمەرگە رايگەیاند: "لە چوارچێوەى هاوکارییەکانى هێزەکانى هاوپەیمانان بۆ هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان، جگە لە پێدانى چەک و تەقەمەنى و ئۆتۆمبێلى سەربازى و گولـلەبەند و چەندان جۆر تەکنەلۆژیاى سەربازى پێشکەوتوو، مەشق و راهێنان و راوێژى سەربازیشیان به‌ هێزەکانى پێشمەرگە کردووە و تائێستاش بەردەوامن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كه‌ وەزارەتى پێشمەرگە کار لەسەر دامەزراندنى دوو لیواى دیکەى پێشمەرگە دەکات، کە لە چوارچێوەى چاکسازییەکانى وەزارەتدا، بڕیارە بە ناوى لیواکانى 13 و 15 رێک بخرێنەوە، هاوپەیمانانیش بەڵێنیان داوە تەواوى پێداویستییە سەربازییەکانى ئەو دوو لیوایە دابین بکەن".

سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش، كه‌ هاوپەیمانان بەردەوامن لە پێدانى راوێژى سەربازى و گه‌یاندنی دوایین شێوازى مەشق و راهێنان بە هێزەکانى پێشمەرگە، ئەمەش کاریگەرى باشى دەبێ لەسەر بە دامەزراوەییکردنى هێزەکانى پێشمەرگە و دروستکردنى لە شکرێکى یەکگرتووى نیشتیمانى ".












باسنيوز


Top