به‌رپرسی لقی سێی پارتی: بۆ به‌شداریی هه‌ڵبژاردن له كه‌ركووك چاوه‌ڕوانی بڕیاری مه‌رکه‌زیی حزبین
به‌رپرسی لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان له که‌رکووک، ئاماژه به‌وه ده‌کات که دۆخی که‌رکووک هێشتا ئاسایی نه‌کراوه‌ته‌وه و بۆ به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردن له‌و شاره‌ش چاوه‌ڕوانی بڕیاری حزب ده‌كه‌ن.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 19/1/2021، محه‌ممه‌د خورشد، به‌رپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ئه‌و خێزانانه‌ی پێش ساڵی 2003 فۆڕمی خۆراکیان له سنووری پارێزگاکانی دیکه بووه و ئێستا گه‌ڕاونه‌ته‌وه که‌رکووک، ناوتۆمارکردنیان راگیراوه، وێڕای ئه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ڕێ نادات له‌دایكبووانی 2001 و 2002 و 2003 و ئه‌وانه‌ی که پێش پڕۆسه‌ی ئازادیی عێراق فۆڕمی خۆراکیان سه‌ر به هه‌ریمی کوردستان بووه، ناوی خۆیان بگوازنه‌وه بۆ که‌رکووک، ئه‌مه‌ش کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌نگی کورد له كه‌ركووك ده‌بێت، كه پێشێلكردنی مافی ده‌نگده‌رانی له‌دایكبووی 2001 بۆ 2003ـیه و بڕیارێكی ناده‌ستوورییه.
له باره‌ی یه‌كلیستیی کوردیش له‌و ناوچانه رای گه‌یاند: له‌و ڕووه‌وه ئاماده‌كارییه‌ك هه‌یه و "به‌شداریكردنی پارتیش له هه‌ڵبژاردنی كه‌ركووك، به پێی بڕیاری مه‌رکه‌زی ده‌بێ و چاوه‌ڕوانی ئه‌و بڕیاره‌ین.
باس‌نیوز
