ئەمریکا فشار بۆ ڕێکكەوتنێکی کۆنکرێتی لەنێوان (ئەنەکەسە و پەیەدە)دا دەکات

ئەمریکا فشار بۆ ڕێکكەوتنێکی کۆنکرێتی لەنێوان (ئەنەکەسە و پەیەدە)دا دەکات
ئەمریکا فشار لەلایەنە کوردیەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات کە لەسەر بنەمای ڕێکكەوتنی دهۆک کە پێشتر لە نێوان (ئەنەکەسە و پەیەدە)دا لە ژێر چاودێریی سەرۆک بارزانی کراوە، بەشێوەیەکی کۆنکرێتی ڕێکبکەونەوە، داوای سەرەکیی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردیش لە سووریا ئەوەیە چەکدارەکانی پەکەکە رۆژهەڵاتی فورات جێبهێڵن.
داوا و دۆسێکانی (ئەنەکەسە) لە دانوستانەکانی لەگەڵ پەیەدە بە سەرۆکایەتیی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) بریتییە، لەوەی چەکدارەکانی PKK، ڕۆژهەڵاتی فورات جێبهێڵن، دووەمیان گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی نوێ (ده‌ستور) بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بنووسرێتەوە و سێیەمیان، ڕێگە بەگەڕانەوەی هێزى پێشمەرگەی لەشکری (ڕۆژ) بدرێت بۆ ناوچەکانی خۆیان لە ڕۆژئاوای کوردستان بگەڕێنەوە.
لەمبارەوە، عیماد برهۆ ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، (ئەنەکەسە) بۆ (باسنیوز) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمریکا فشار دەکات لایەنە کوردیەکانی رۆژئاوای کوردستان لەسەر بنەمای ڕێکەوتنی دهۆک کە پێشتر لە ژێر چاودێری سەرۆک بارزانی کراوە، بەشێوەیەکی کۆنکرێتی رێکبکەونەوە، کە ئەمریکا و مەزڵوم عەبدی وەکوو فەرماندەی هێزەکانی (قەسەدە) بڕیاریانداوە بەرپرسیاریەتی جێبەجێکردنی ڕێكکەوتنەکە لە ئەستۆ بگرن، گوتیشی ”بنەماکانی ئەو ڕێکكەوتنە بریتیە لە چوونە دەرەوەی چەکدارەکانی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان و دەستوەرنەدان لە ڕێکكەوتنەکان، دووەمیان، بوونی دەستوورێک بۆ رۆژئاوای کوردستان کە ئیدارەی رۆژئاوا لە دەستی یەک لایەن دەربهێنێت و هەموو لایەک بەشداری لە سیاسەتی رۆژئاوای کوردستاندا بکەن، سێیەمیان گەڕانەوەی لەشکری (ڕۆژ) لە رووی سەربازی بۆ سەر خاک و ناوچەکانی خۆیان بۆ پاراستنی رۆژئاوای کوردستان“.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە تاوەکوو ئەجێندا و بوونی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان بوونی هەبێت، رێکكەوتنەکان لەمپەریان دێتە پێشەوە و جێبەجێکردنیشیان ئەستەم دەبێت، هەربۆیەش ئەوە یەکەم داوای ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردە لە دانوستانەکانی لەگەڵ پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستان.
















باسنيوز



Top