په‌رله‌مانتارێكى گۆڕان: زیاتر له‌ 15 هه‌زار ئۆتۆمبێل بە قاچاخ هێندراونەتە سلێمانى

په‌رله‌مانتارێكى گۆڕان: زیاتر له‌ 15 هه‌زار ئۆتۆمبێل بە قاچاخ هێندراونەتە سلێمانى
ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات كە زیاتر لە 15 هەزار ئۆتۆمبێل بە قاچاخ و لە دەرەوەی ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هێندراونەتە سلێمانی.

یاسین خزر، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ”چاكسازى پرۆسه‌یه‌كه‌ پێویسته‌ هه‌موو حزب و لایه‌نه‌كان به‌شدارى تێدا بكه‌ن، ئێمه‌ وه‌ك بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان پێمانوایە كە چاكسازی هه‌نگاوێكى باشه‌ بۆ هه‌موو حزب و لایه‌ن و پێكهاته‌كانی هەرێمی كوردستان“.
ڕوونیشی كردەوە، هه‌نگاوى چاكسازى ئه‌گه‌ر به‌ ته‌واوى بچێته‌ باری جێبه‌جێكردنەوە، كارێكی باشە و ”كێ هه‌یه‌ پێ خۆش نه‌بێت؟ ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان یاساى جوان و باشمان هه‌یه‌، به‌ڵام په‌ند له‌ جێبه‌جێكردنه‌كه‌ى دایه‌ و گرینگه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌وڵى جێبه‌جێكردنیان بدات“.
لەبارەی قاچاخچێتیی مەرزەكانی سلێمانیشەوە، ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان نموونەی بە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل لە دەرەوەی ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ هێنایەوە و گوتی: ”له‌ رێگه‌ى مەرزەكانی سلێمانییەوە زیاتر له‌ 15 هه‌زار ئۆتۆمبێل بە قاچاخ هێندراونەتە نێو شارى سلێمانى، ده‌پرسم ئایا كێ هێناویه‌تى كه‌ هه‌موو ئۆتۆمبێلى خراپ و بڕاوەن؟ بۆیە دەڵێین دەبێت چاكسازی بە كردار لە هەموو لایەنەكەوە جێبەجێ بكرێت“.
ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر جەخت لەوە كراوەتەوە، ئەو هەزاران ئۆتۆمبێلەی لە دەروازە سنوورییەكانی سلێمانییەوە بە قاچاخ هاوردەی پارێزگای سلێمانی كراون، لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی ڕێنماییەكان هاوردە كراون، لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە تۆمار ناكرێن.












باسنیوز


Top