21 ملیار و 700 ملیۆن دیناری دیكه‌ى پارەی گەنمی جووتیارانی هه‌رێمى کوردستان خەرج دەکرێ

21 ملیار و 700 ملیۆن دیناری دیكه‌ى پارەی گەنمی جووتیارانی هه‌رێمى کوردستان خەرج دەکرێ


بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، 21 ملیار و 700 ملیۆن دیناری دیكه‌ى پارەی گەنمی جووتیارانی هه‌رێمى کوردستان خەرج دەکرێ.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: "لەم هەفتەیەدا چەکی قۆناغی پێنجەمی شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ گەنمی ساڵی ڕابردوو دەگاتە کوردستان".

سەبارەت بە وردەکاری پارەکە، گوتی: "بۆ هه‌ولێر شه‌ش ملیار و 300 ملیۆن دینار، بۆ سلێمانی نۆ ملیار و 400 ملیۆن دینار، بۆ دهۆکیش شه‌ش ملیار دینارە".

نەوزاد شێخ کامیل ئاشکراشی کرد، کۆی گشتیی ئەو پاره‌یه‌ى قۆناغی پێنجەم کە بۆ هەرێمی کوردستان دێت، دەگاتە 21 ملیار و 700 ملیۆن دینار.

بەرپرسەکەی وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوەش دا، پاش گەیشتنی چەکەکان و هه‌روها گرتنه‌به‌رى هه‌ندێك ڕێكارى ئیداره‌، لە هەفتەی دواتر دەست بە دابەشکردنی پارەکە دەکرێت.

لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا پاش گەیشتنی پارەکە دەست بە خەرجکردنی قۆناغی چوارەمی پارەی گەنمی جووتیارانى هه‌رێمى كوردستان كرا، کە بڕەکەی 11 ملیار و 739 ملیۆن دینارە.




باسنیوز
Top