پەکەکە و حەشدی شەعبی لە شنگال کار لەسەر ئەوە دەکەن ئاوارە ئێزیدیەکان نەتوانن دەنگ بدەن
لە چەند رۆژی رابردوو مەحما خەلیل قایمقامی شنگال ئاشکرای کرد هەتا ئێستا داتا و ئاماری تۆماری دەنگدەرانی شنگال بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، ڕادەستی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن نەکراوە و ئەمەش مەترسییە لەسەر فەوتانی دەنگی هاووڵاتییانی ئەو سنوورە.
مەحما خەلیل ئاشکراشی کرد “ئێستا خەڵکی شنگال و بەتایبەتی کوردانی ئێزیدی لەبەر ڕەوشی ناسەقامگیری سنوورەکە ناوێرن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و شوێنی ژیانی خۆیان و بێبەشبوونیان لە مافی دەنگدان و بەشداری لە هەڵبژاردن، دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمیی بەغدا کە هەتا ئێستا نەیتوانیوە ڕەوشی شنگال ئارام بکات و خەڵک دڵنیا بن و بگەڕێنەوە شوێنی ژیانی خۆیان”.
هاوکات (باسنیوز) لەسەرچاوەی ئاگەدارەوە زانیویەتی پەکەکە و حەشدی شەعبی کار لەسەر ئەوە دەکەن دەنگدان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق تەنیا لەناو شنگالدا بکرێت، ئەوەش وەکو فشارێک بێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئەوەی نەگەڕایەوە لە مافی دەنگدان بێبەش بکرێن.
بەڵام، قادر قاچاخ، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند، نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگال پەیوەندی بەو بارودۆخەوە هەیە کە پەکەکە و حەشدی شەعبی بۆ (شنگال)یان دروستکردوە، گووتی ”زیاتر لە 80٪ی ئێزیدیەکان تاوەکو ئێستا لە کامپەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە، وابڕیاربوو شنگالیەکان لە ناو شارەکەی خۆیان دەنگ بدەن و ڕێکەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە پێش هەڵبژاردن جێبەجێبکرێ، بەڵام کە نەکراوە ئەوە مافی ئاوارەکانە سندوقی دەنگدانیان وەکو جارانی پێشوو بۆیان لەناو کەمپەکان دابنرێت“.
هەروەها گووتیشی ”ئەگەر بێت و سندوق لە کەمپەکان نەبێت و ئاوارەکانی شارەکە نەتوانن دەنگ بدەن، ئەوە هەڵبژاردن بۆ شنگال هیچ شەرعیەتێکی یاسایی نابێت، چونکە سەرەڕای ئەوەش حەشدی شەعبی و پەکەکە بۆیان بکرێ تەزویر بۆ هەڵبژاردنەکە دەکەن، پێشتریش هەوڵی وا هەبووە، بەڵام لەبەرئەوەی کەمینەن دەنگەکانیان و تەزویرەکانیشیان هیچ کاریگەری نابێت“.
باسنیوز
