پەرلەمانتارێكی پارتی: هەر ئۆتۆمبێلێك لە دەرەوەی ڕێنمایی وەزارەتی ناوخۆ هێندرابێتە كوردستان تۆمار ناكرێت
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان ئاشكرای كرد، قەبارەی قاچاخچێتیی مانگانە لە مەرزی باشماخ زیاتر لە (٥٥) ملیۆن دۆلارە و قاچاخچییەكان لە بازاڕی جگەرەكە نووسینگەی قاچاخچێتییان داناوە و تەواوی ئەو جگەرەیەی كە هاوردەی كوردستان دەكرێت، بە قاچاخ دێت. هەروەها لە گەڕەكی عەقاری نووسینگەیان داناوە و هەموو ئۆتۆمبێلێكی ڕێگەپێنەدراو هاوردە دەكەن.
ئەوەشی ڕوون كردۆتەوە كە ئەو هێزە ئەمنییەی لە باشماخە، هەماهەنگی بۆ سەرجەم بارە قاچاخەكان دەكات و لە هەموو بازگەكانیش بە ناوی باری تەنسیقەوە بەبێ داواكردنی مەنەفێست و كاغەزی گومرگ، تێدەپەڕن.
لە لایەن خۆشیەوە نزار مەلا غەفار، ئەندامی لێژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی رایگەیاند: ”وەك لێژنەی ناوخۆ دەمێكە ئاگادارین ئۆتۆمبێلی كۆن و خوار مۆدێل لە مەرزێكەوە بە قاچاخ دەهێندرێتە ناوەوە، ”لهگهڵ وهزارهتی ناوخۆ قسهمان كردووه، وهزارهتی ناوخۆ كار بە ڕێنمایی خۆی دەكات و هیچ ئۆتۆمبێلێك تۆمار ناكرێت كە بەدەر لە ڕێنماییەكان هاوردە كرابێت“.
جەختیشی كردەوە كە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل لە ڕێگەی قاچاخچییەكانەوە هێندراونەتە نێو كوردستانەوە و بە نرخی هەرزان دەفرۆشرێنەوە“.
باسنیوز
