زانیاریی نوێ لهبارهى دابشكردنى مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان بڵاو دهكرێتهوه
ئهمڕۆ سێشهممه 12/1/2021، ھێڤیدار ئەحمەد، جێگری لێژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بە كهناڵى (كوردستان 24)ی ڕاگەیاند: "لە یاسای چاكسازی زوڵم لە كەس ناكرێت ھەموو خەڵك ھەقی خۆی وەردەگرێت، لە چوارچێوەی یاسای چاكسازی و پێداچوونەوە بە لیستی مووچەخۆران و خانەنشینان بە دوو قۆناغ، نزیكەی 500 ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی حكوومەتى ههرێمى كوردستان دەگەڕێتەوە".
گوتیشى: "یاسای چاكسازی تەنیا بۆ ئێستا نییە، راستە ئێستا دۆخی دارایی خراپە، بەڵام ئەو یاساییە بۆ ھەموو كات دادپەروەری فەراھەم دەكات و مافی كەس ناخورێت".
جێگری لێژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان ئهوهشى خسته ڕوو: "لە قۆناغی داھاتوودا كار لەسەر لیستی ئەو كەسانە دەكرێت كە بە پلەی وەزیر خانەنشین كراون، ئەوانە دوو بەشن، ھەیانە بەھۆی خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتی نەیتوانیوە خوێندن تەواو بكات، لە بەرامبەر خزمەت و خەباتەكەیان پلەی باڵایان پێدراوە، لەگەڵ ئەوانیش خەڵكی دیكە ئەو پلەیان پێدراوە، ئەو بابەتە دەبێ ڕاست بكرێتەوە، ھەروەھا ئەوانەی كۆشك و تەلاریان ھەیە و مستەشار بوونە، دەبێ مووچەكانیان ببڕدرێ".
سەبارەت بە دابەشكردنی مووچە هێڤیدار ئهحمهد باسى لهوه كرد: "لە كۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانى ههرێمى كوردستان، بڕیار لەبارەی دابەشكردنی مووچە دەدرێت، بڕیارە لە ماوەی پێنج ڕۆژدا مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان دابەش بكرێت، بەپێی زانیارییەكانی من حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق ڕێك بكەوێت یان نا، مانگانە مووچە بەپێی داھاتی بەردەست دابەش دەكات".
باسنيوز
