داخستنی هەدەپە دەخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانی توركیاوە
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، داخستنی هەدەپە دەخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانی توركیا و هەریەك لە مەهەپە و ئاكەپە پشتگیری لە داخستنی ئەو پارتە دەكەن. دەنگۆش هەیە بەشێكی ئەندام پەرلەمانەكانی پارتی باشیش دەنگ بە داخستنی هەدەپە بدەن.
دوای ئەوەی دوێنێدووشەممە ١١ی ١ی ٢٠٢١ دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە، بە توندی دژی هەدەپە قسەی كرد و داوای كرد بەپەلە كار بۆ داخستنی بكەن، ئاكەپە لەسەر ئەو داوایەی باخچەلی هاتووەتە سەر هێڵ و دەیانەوێت داخستنی هەدەپە بە یاسایی بكەن.
باخچەلی لە وتارێكدا كە لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی كردووەتەوە داوای لە پارتە سیاسییەكان و داواكاری گشتیی ئەنقەرە كردووە هەدەپە دابخەن، بە پێچەوانەوە مەهەپە مادەی ١٠٠ی دەستووری توركیا بەكار دەهێنێت بۆ داخستنی هەدەپە.
بە گوێرەی مادەی ١٠٠، هەر پارتێكی سیاسی دەتوانێت داوا لە وەزارەتی داد و داواكاری گشتی بكات بۆ داخستنی پارتێكی تر، بەو مەرجەی بەڵگەی پەیوەندیدار بە تیرۆر، یان خیانەتی نیشتیمانی بخاتە ڕوو.
محەمەد شاهین مامۆستای زانكۆ و نزیك لە ئاكەپە، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی (خەبەر تورك) ئاشكرای كردووە لە چەند مانگی داهاتوودا داخستنی هەدەپە دەخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانی توركیاوە.
شاهین وەكوو زانیاری گوتوویەتی "زانیاریم هەیە مەهەپە هەموو رێكارەكانی چۆنیەتیی داخستنی هەدەپەی ئامادە كردووە و لەناو ئاكەپەش پشتگیریی مەهەپە دەکرێت و ئەوانیش گوتوویانە لەناو پەرلەمانی توركیا دەنگ بۆ داخستنی هەدەپە دەدەن".
باسی لەوەش كردووە ئەگەر داخستنی هەدەپە بخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە، بۆچوون و هەڵوێستی پارتی باش و سەعادەت دەردەكەوێت، ئاخۆ دەنگی بۆ دەدەن یاخود نایدەن.
داخستنی پارتەکان لە توركیا، پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران هەیە، مەهەپە و ئاكەپەش بە تەنیا ناتوانن ئەو رێژە دەنگە كۆ بكەنەوە، بۆیە پێویستیان بە دەنگی پارتی باش هەیە، ئەگەریش هەیە پارتی باش دەنگ بۆ داخستنی هەدەپە بدات.
لە لایەكی ترەوە، بەشێكی زۆری سەركردایەتیی ئاكەپە، بە رەجەب تەیب ئەرۆدغانیشەوە، پێیان باش نییە هەدەپە دابخرێت، بەڵكوو لەگەڵ ئەوەدان هاوكاری دارایی هەدەپە رابگیرێت، هەروەها ئەو ئەندام و سەرۆك شارەوانیانەشی تۆمەتی تیرۆریان دەدرێتە پاڵ، لەجێگەیان قەیووم دابنرێت، بەڵام باخچەلی زۆری بۆ ئەردۆغان و ئاكەپە هێناوە تا هەدەپە دابخرێت.
پێشتر ٩ پارتی كوردی لە توركیا داخراون، هۆكارەكەشی پاڵپشتیان بووە لە پەكەكە، بەڵام لەو كاتەوەی ئاكەپە هاتووەتە سەر دەسەڵات، هیچ پارتێكی سیاسی دانەخراوە و بەڵێنیشیان بە دەنگدەرانیان داوە، كە لە سەردەمی ئەواندا هیچ پارتێك داناخرێت.
سەركردایەتی هەدەپە، وەكوو هەڕەشەیەك بۆ داخستنی پارتەكەیان، دەڵێن ئەگەر هەدەپە دابخرێت، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا پارتێكی تر دادەمەزرێنین و لەناو پەرلەمانیش گرووپێكی گەورە پێك دەهێنین.
باسنیوز
