پهرلهمانتارێکی یهکێتی: شتێكی باشە نەك لەسەر كۆمپانیاكان لەسەر تاكیش باج هەبێت
ئەمڕۆ دووشەممە 11-1-2021، فەرمانێكی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاو كرایەوە كە تێیدا ژمارەیەک بڕیاری بۆ ڕێكخستنەوەی باج و وەرگرتنی باج لە کۆمپانیاکان، دەرکرد.
لەمبارەیەوە باڵانبۆ محهمهد، ئەندامی فراكسیۆنی یهکێتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ”ئەو بڕیارە گرنگ و باشه، باج و رسومات پایهیهکی گرنگی داهاتەكانی حکوومهته، له وڵاته پێشكەوتووەكانیش وەردەگیرێت“.
ڕوونیشی كردەوە كە لە ڕێگەی باجەوە حكوومەت دەتوانێت بزانێت دۆخی ئابووریی وڵاتەكە چۆنە و چەند كەس لە كاردان و چەند وەبەرهێنەر هەن.
پەرلەمانتارەكەی یەكێتی گوتیشی: ”لە وڵاتانی دونیا باج لەسەر مووچەی تاكەكەسیش هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی خاوەنی نەوتین، لێرە بیر لەمە نەكراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا مادام دونیا بەرەو ئاڵۆزی دەچێت و سیستەمی ئابووری گۆڕانكاری بەسەردا دێت، کارێکی باشه نهک لهسهر کۆمپانیاکان، لهسهر تاکیش باج ههبێت، بەڵام بە شێوەیەك بێت كە نهبێتە هۆی بارگرانی بۆ خەڵك“.
بە پێویستیشی زانی حكوومەت سیستەمێك دیاری بكات كە ڕێگە نەدات باری سەر ژیانی خەڵكی قورس بكرێت.
ئەوەشی خستەڕوو: کاتێک دەکرێت باج و رسومات بخرێتە سەر تاک کە مووچەی خەڵک لە ئاستێک بێت کە کاریگەری لەسەر دروست نەکات، چونکە مووچەی ئێستای خەڵک بەشی ئەوە ناکات لەوە زیاتر فشاری بخرێتە سەر".
باسنیوز
