د. مەحموود عوسمان: ئەگەر لە عێراق هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت پاك و ئازاد نابێت

د. مەحموود عوسمان: ئەگەر لە عێراق هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت پاك و ئازاد نابێت
د. مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری كورد بە دووری دەزانێت هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بكرێت و ئاماژە بەوە دەدات، هێشتا تۆماری دەنگدەران لە مردووان پاك نەكراوەتەوە و ناوی دووبارە و ساختەی تێدایە و كوتلە سیاسییەكانیش لە عێراق سەرقاڵی ساختەكاری و گەندەڵین.

لەمبارەوە ئەمڕۆ دووشەممە 11ی1ی2021 د. محموود عوسمان، سیاسەتمەداری دیاری كورد، ڕایگەیاند: "لەو باوەڕەدا نیم هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق لە كاتی خۆیدا بكرێت، چونكە ئامادەكارییەكی ئەوتۆی بۆ نەكراوە، ئەوەی كە بڕیاری داوە تەنیا مستەفا كازمی خۆیەتی كە هەڵبژاردن بكرێت، ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت، دەبێ پەرلەمان دوو مانگ پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە هی ئەم خولە، ئەستەمە ئەوەش بكرێت".

ڕوونیشی كردەوە: "كوتلە سیاسییەكان لە عێراق هەموویان سەرقاڵی ساختەكارین و لە عێراق سەرژمێری ناكرێت و هەموو ساڵێك بە بیانوویەك دوای دەخەن، هەروەها تۆماری دەنگدەرانیش لای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن هەمووی كۆنە، هەروەها ناوی مردوو و دووبارە و ساختەی تێدایە، بۆیە دووپاتی دەكەمە كە لەو بڕوایەدا نیم هەڵبژاردن لەو كاتەی كە دیاری كراوە بكرێت و هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد بەڕێوە بچێت و ئەگەریش بكرێت ئەنجامی زۆر گرنگ نابێت".

د. مەحموود عوسمان ئەوەشی خستە ڕوو: "لە عێراق ئەوەی پێ دەگوترێ "چەكی مونفەلیت" (چەکی بێ مۆڵەت کە بە نایاسایی و لە دۆخێکی ناجێگردا کەووتووەتە دەست خەڵک) لە عێراق هەیە ئەو هەموو خەڵكەی كە لە خۆپیشاندەرانی عێراق كوژران تا ئێستا بەرپرسێكیان لەسەر ئەو بابەتە دەستگیر نەكردووە و گەندەڵیش بەردەوامە، بۆیە هەڵبژاردن لە عێراق گۆڕانكاری دروست ناكات و ئەگەریش بكرێت پاك و ئازاد نابێت".

مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە كە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانی عێراق بكرێت، بەڵام بەهۆی ڕەوشی ئێستای عێراق بەدوور دەزانرێت كە ئەو هەڵبژاردنە لەو كاتەدا بكرێت.











باسنیوز

Top