لەبارەی دانانی پلانی دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردە کۆ دەبێتەوە
بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند ئەمڕۆ دووشەممە کۆبوونەوەیەکی فراوانی وەزارەتەکە ساز دەکرێـت و تێیدا پلانی چۆنیەتیی دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان تاوتوێ دەکرێت.
سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردە ڕاگەیاند: "بەنیازین ئەمڕۆ دووشەممە ١١ی١ی٢٠٢١ لە وەزارەتی پەوەردە لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکان و ڕاویژکاران و سەرپەرشتیارانی یەکەمی پەروەردەیی کۆ ببینەوە و بە ھەموومان پلانێکی تۆکمە بۆ چۆنیەتیی دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندنی ئەمساڵی قوتابخانەکان دابڕێژین".
گوتیشی: "ئێمە وەک وەزارەتی پەروەردە ناتوانین بڕیار لە ھاتنەوەی دەوام بدەین، بەڵکوو ئەو پلان و پڕۆژەیەی کە ئەمڕۆ بە ھەموومان ئامادەی دەکەین و دەدەینە دەست لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا کە وەزارەتی تەندروستیش تێیدا ئەندامەوە، ئەوانیش لە کۆبوونەوەی خۆیان کە بەنیازن لەو ماوەیەدا بەڕێوەی بەرن، تاوتوێی دەکەن و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدەن و ئێمەش پێوەی پابەند دەبین".
لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان پێشتر بڕیاری داوە هەتا ڕێکەوتی ١٦ی١ی٢٠٢١ دەوامی قوتابخانەکان ڕابگیرێت و پاشان لە کۆبوونەدەوا بە هەڵسەنگاندنی دۆخی کۆرۆنا بڕیاری کۆتایی لەبارەی کردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان دەدرێت.
باسنيوز
