زیاتر لە 330 هەزار کۆچەریی رۆژهەڵاتی کوردستان کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە

زیاتر لە 330 هەزار کۆچەریی رۆژهەڵاتی کوردستان کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە
نیوەی ساڵەکە گەرمێن و کوێستان دەکەن و بە خاوخێزانەوە لەو رێگە رژد و نشێوانە دەپەڕنەوە بۆ گەیشتن بەو شوێنانەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە کەشوهەوای خۆشە. ئەوانە کۆچەرانی 4 پارێزگای ورمێ، لۆڕستان، کرماشان و ئیلامن کە ژمارەیان نزیکەی 330 هەزار کەسە و هەموو ئەو خاکە بە ماڵی خۆیان دەزانن.

کێشەکانی کۆچەران لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژبەڕۆژ زیاتر زەق دەبێتەوە و ئێستاش بەهۆی کۆرۆنا و گوشارە ئابوورییەکانی سەر حکومەتی ئێران، ئەو کێشانە چەند هێندە بوون. بژێوی کۆچەران لە رێگەی رەنجی خۆیانەوە و بە بەخێوکردنی مەڕوماڵات و بەرهەمهێنانی شیرەمەنی و کەلوپەلە دەستییە تایبەتەکانییانەوە دابیندەکرێت، بەڵام ئێستا بەهۆی نەبوونی دەخڵودانی پێویست بۆ مەڕوماڵات و هەروەها نەبوونی کڕیار، بووەتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی زۆری مەڕوماڵاتیان بەسەر دەستیانەوە بمێنێتەوە و ئەم ناڕەزایەتییانەی لێبکەوێتەوە.

کۆچەرییەک دەڵێت "ساڵانە نزیکەی 540 هەزار سەر ئاژەڵی زیادەمان هەیە کە ئاوا کەوتووە و کەس لێمان ناکڕێت، ئێستاش بەهۆی نەبوونی جۆ و دەخڵودان، هەموو ئاژەڵەکانمان خەریکە تێدا دەچن. چوار مانگە داوامان لە بەرپرسان کردووە ئەو کێشەیەمان بۆ چارەسەر بکەن، کەس وەڵام ناداتەوە. بۆیە لێرە گردبووینەوە. ئەو خەڵکەی کە دەیبینن هەموویان کۆچەرانی زیانمەندن. کێ دەبێ وڵاممان بداتەوە؟"

لە لایەکی دیکەشەوە نەبوونی ئاوی خواردنەوەی خاوێن لەو ناوچانەی کە لێی دەوەستنەوە، بە تایبەت لەو وەرزانەی ساڵدا کە کەمئاوی ناوچەکە دەگرێت، بە جۆرێک بووەتە مەترسییەکی جیددی لەسەر تەندروستی خۆیان و ئاژەڵەکانیان. ئەوەش کێشەیەکە کە بەرپرسانی خۆجێیی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش نکۆڵی لێناکەن و لە هەوڵی چارەسەرکردنیدان.

حەمیدڕەزا کازمی، نوێنەری پۆلدوختەر لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت "کێشەکانی ئاوی خواردنەوە، جادەی هاتووچۆ، دابینکردنی دەخڵودانی مەڕوماڵاتی کۆچەرانمان لەگەڵ بەڕێز قایمقامی هۆلەیلان تاوتوێ کرد. چاوەڕێی ئەوەش دەکەین کە بە زووترین کات بەرپرسان خەمێکی لێبخۆن و کەمێکی ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن".

هەروەها نەبوونی شوێنی گونجاو بۆ خوێندنی منداڵانی کۆچەر وایکردووە حەزی خوێندن لەنێو منداڵەکانیاندا کەم بێتەوە. پێشتر لەلایەن حکومەتەوە لە نزیک ئەو شوێنانەی لێی دەوەستانەوە، کانێکس یان خانووی پلاستیکیان بۆ دادەندرا کە منداڵەکانیان بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن، بەڵام ئێستا کۆرۆنا و خوێندنی ئۆنلاین یان خوێندن لە رێگەی تیڤییەوە، ئەو هەلەشی لێسەندنەوە.

کۆمـەڵگەی کۆچەرانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە تاوەکو 50 ساڵ پێش ئێستا رۆڵێکی گرنگیان لەسەر بابەتە کولتووری و سیاسییەکانی ناوچەکە هەبوو، ئێستا بەهۆی کێشە ئابوورییەکان پشتگوێخران لە لایەن حکومەت و کۆمەڵگەوە، وردەوردە بەرەوە کەمبوونەوە و سڕانەوە لە مێژوو دەچن.

rudaw -
Top