بەرپرسێکی پێشووی یەکێتی: بڕینی مووچەی نایاسایی بڕیارێکی مێژوویی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە
لە ماوەی ڕابردوودا و لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كە پێشتر كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كارنامەكەی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كردبوو، هەریەك لە وەزارەتەكانی دارایی و وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، مووچەی نایاسایی ژمارەیەكی زۆری مووچەخۆرانی نایاسایی و ئەوانەیان بڕی كە دوو مووچە و سێ مووچە بە نایاسایی لە حكوومەت وەردەگرن.
لەمبارەیەوە ئیبراھیم جەلال، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و كادیری پێشكەوتووی ئەو حزبە، ڕایگەیاند: ”بڕیاری بڕینی مووچەی نایاسایی و بندیوار، بە بڕیارێکی مێژوویی زۆر چاکی دەزانم بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەوانەی دوو مووچە و سێ مووچە وەردەگرن، تا زوو لە كۆڵ خەزێنەی گشتی بكرێنەوە باشترە، تەنانەت ئەگەر خۆشم مووچەخۆری نایاسایی بم، حەز دەکەم مووچەکەم ببڕن، ھەرچەندە ھەرگیز من لەو جۆرە کەسانەنیم مووچەی نایاسایی وەرگرم، بەڵام بڕیارەکە ئەوەندە گرنگە حەز دەکەم یەک مووچەخۆری نایاسایی نەمێنێت“.
جەختیشی كردەوە: ”بڕیارەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ نەھێشتنی مووچەی نایاسایی بە کارێکی گرنگ دەزانم، ھیوادارم یاسای چاکسازی تەنھا ئەو كەسانە بگرێتەوە کە مووچەی نایاسایی وەردەگرن و دەستکاریی مووچەی کەسانی ھەژار و خاوەن پێداویستیی تایبەت نەکرێ“.
ئەوەشی ڕوون كردەوە كە بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، بڕە پارەیەكی زۆر بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێتەوە، بۆیە ”تا سەر ئێسقان پشتیوانی لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەكەم، چونكە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت بەو پارەیەی کە بۆی دەگەڕێتەوە، پڕۆژەی بەرھەمھێنەر دروست بکات، دەتوانێت بەو پارەیە جارێکی دیکە باری ئابووریی خەڵکی کوردستان بەرز بکاتەوە“.
باسنیوز
