پسپۆڕێكی ئابووری: بە چاكسازی لە دەروازە سنورییەكان داهاتێكی زۆر بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە
هۆشمەند ڕەفیق، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی ئابووری ڕایگەیاند: "گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێكی یاسایی بە شێوەی كرداری بۆ دەستخستنی داهاتی زیاتر و رێگەگرتن لە بەفێڕۆدانی سامانی وڵات، هەنگاوێكی باشە و مایەی خۆشحاڵییە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە دۆخێكی ئاوادا كە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە گرنگ یاسای چاکسازی جێبەجێ بکرێت".
ڕاشی گەیاند: "ئەو پڕۆسەیەی چاكسازی لە دەروازە سنوورییەكان و بڕینی مووچە نایاساییەكان دەستی پێ كردووە، دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی داهاتی هەرێمی كوردستان و ئەوەی ئێستا دەست کراوە بە رێگریكردن لە گەندەڵی لە دەروازە سنوورییەكا، هەنگاوێكی زۆر باشە".
ئەوەشی خستە ڕوو: "لەڕێگەی دەروازە سنورییەكانەوە داهاتێكی زۆر دەڕوات و ناگەڕێتەوە خەزێنەی حكوومەت، بۆیە بەم چاكسازییەش و پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ دەروازە سنورییەكان لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە وا دەكات دەروازەكان پابەندی بڕیارەكانی حكوومەت بن ئەو داهاتەی لەڕێگای دەروازەكانەوە بگەڕێتەوە خەزێنەی حكوومەت بەمەش داهاتی ناوخۆ بەرز دەبێتەوە".
هۆشمەند ڕەفیق ئاماژەی بەوەش دا: "هەم هەنگاوەی چاكسازی وا دەكات قەبارەی داهاتی هەرێمی كوردستان زیاتر بێت و لە پێدانی مووچە و خەرجییە گشتییەكانیشدا چیتر پشت بە بەغدا نەبەستین، بەڵكوو پشت بە داهاتی ناوخۆیی خۆمان ببەستین و بتوانین هەرێمی کوردستان بە داهاتی خۆمان بەڕێوە بەرین".
باسنيوز
