پەرلەمانتارێکی کوردستان: بڕیارەکانی چاکسازی پەیامی دڵخۆشکەرن بۆ دەربازبوون له قەیرانی دارایی
ئەرشەد لۆلانی، ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان ڕايگەیاند، بڕینی دوو مووچە و مووچە نایاساییەكان و كاراكردنی سیستەمی بایۆمەتری و پێداچوونەوە بە گرێبەستی ھەموو ئەو كۆمپانیایانەی كە لە دەروازە سنوورییەكان خزمەتگوزاری پێشكەش دەكەن، ”رێککاری دڵخۆشکەرن و خەڵک پێشوازی لێ دەکات“.
ئەرشەد لۆلانی هەروەها رایگەیاند، ناردنی ھێزێكی ھاوبەشی وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ بۆ بنبڕكردنی قاچاغی لە دەروازە سنوورییەكان، پێداچوونەوە بە لیستی شەھیدان و پێشمەرگە و ناوخۆ و یەكەكانی پاسەوانی و كەمكردنەوەی خەرجییەكان، ”بڕیاری باشن و پشتیوانی لێ دەکەین".
ئەو پەرلەمانتاره پێیوایه ئەو چاکسازییانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیادەی دەکات وادەکات دۆخی دارایی باشتر بێت، ”لەگەڵ ئەو چاکسازییانە و چەند ھۆكارێكی وەک بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، داهاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاد دەکات.
ئەرشەد لۆلانی جەختی لەوە کردەوە، چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵخوشکەرن، ”بڕیارەکانی چاکسازی پەیامی دڵخۆشكەرن و وادەکەن لەم قەیرانە داراییەی هەیه دەرباز بین و بۆ دۆخێكی باشتر هەنگاو بنێین“.
باسنيوز
