دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی: بەم نزیکانە خۆمان لە کۆمسیۆن تۆمار دەکەین
بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی رایدەگەیەنێت، بەم نزیکانە ناوی حزبەکەیان بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پێش وەختەی پەرلەمانی عێراق، تۆمار دەکەن و ناوی کاندیدەکانیش رادەستی کۆمیسیۆن دەکەن.
ھاوار محەمەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی راگەیاند، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ماوەی حەوت رۆژی بۆ حزبەکان دیاری کردووە، بۆ ئەوەی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن تۆمار بکەن.
هاوار محەمەد هەروەها رایگەیاندووە، لە وادەی دەستنیشانکراودا ناوی پارتی لە کۆمسیۆن تۆمار دەکەن و ناوی کاندیدەکانیشیان پێشکەش دەکەن.
ئەو بەرپرسەی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی بەوەش دا، کە حزبەکەی لەسەر ئاستی سەرکردایەتی، پرسی بەشداریکردنی ئەو حزبە لە هەڵبژاردن تاوتوێ دەکات و دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکان، دەست بە هەنگاوە کردییەکان بۆ خۆتۆمارکردن، دەکەن.
پێشتر کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو، حزبەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە رۆژی شەممە 9-1-2021ـەوە ماوەی حەوت رۆژیان لەبەردەمە بۆ خۆتۆمارکردن لە کۆمسیۆن.
مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆژی 6-6-2021ـی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دیاری کردووە، بەڵام بەشێک لەلایەنە سیاسییە عێراقییەکان پێیان وایە ئەمساڵ ناتوانرێ هەڵبژاردن بکرێ.
باسنيوز
