سیاسەتوانانی کورد: ئەو هەنگاوەی حکوومەت دەستی پێکردوە پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات

سیاسەتوانانی کورد: ئەو هەنگاوەی حکوومەت دەستی پێکردوە پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات
حکوومەت لە هەموو سێکتەرەکان دەستی بۆ چاکسازی بردوە و چاودێران و سیاسەتوانانی کوردیش پێیانوایە ئەو هەنگاوە پێگەی هەرێمی کوردستان بۆ ناوخۆ و دەرەوە بەهێزتر دەکات.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەموو سێکتەرەکاندا هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونیەوە دەستی بە پڕۆسەی چاکسازی کردوە، بەڵام بۆ دەستبردن بۆ کۆی پرۆسەکە پێویستی بە یاسا و بڕیار و لێکۆڵیەوەی تایبەت بە دۆسێکانی گەندەڵی هەبووە، ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستکراوەترە بۆ هەنگاوی فراوان و هەر لەسەرەتایی ئەم مانگەوە لە چوارچێوەی پڕۆسەکەی چاکسازیدا، مووچە و مینحەی نایاسایی 23 هەزار کەسی بڕی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، پێنج شەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی (حکوومەتی هەرێمی کوردستان)یش هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە ڕاسپێردران کە هێزێکی تایبەت و هاوبەش پێکبهێنن بۆ ڕێگەکرتن لە هەر پێشێلکاری و سەرپێچی و کارێکی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی یاسا و ڕێکارەکان لە دەروازەکان بە بێ جیاوازی.

لەمبارەوە، سیاسەتوان، د.مەحمود عوسمان، بۆ (باسنیوز) رای گەیاند، جێبەجێکردنی چاکسازی لە هەموو سێکتەرەکان کاریگەری باشی بۆ سەر دۆخی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بتوانێ داهاتەکانی زیاتر بکات و هێندە پێویستی بە گەڕانەوە بۆ بەغدا نەبێت، جگە لەوەش لە رووی سیاسیەوە دۆخێکی سەقامگیرتر دروست دەکات و ململانێکان کەمدەکاتەوە، گووتیشی ”بێگومان هەندێ لەوانەی بەهۆی چاکسازیەوە زیانیان بەردەکەوێ کار لەسەر تێکدانی دۆخی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام ئەوانە کەمینەن و زۆرینەی خەڵکی کوردستان پێشوازی لە هەنگاوی چاکسازی دەکات، بەوەش ئەگەر ئەوانە بیانەوێ کارێک بکەن خەڵک لەگەڵیان نابێت و سەرکەوتوو نابن، جگە لەوەش چاکسازی پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات و جۆرێک لە یەکڕیزی نیشتمانی بەهۆیەوە دروست دەبێت کە ئەوەش خاڵی بەهێزە بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان“.

لای خۆشیانەوە، سیاسەتوان، دیندار نەجمان دۆسکی، رای گەیاند، بە ئەنجامگەیاندنی پڕۆسەی چاکسازی سەرەڕای ئەوەی داهاتێکی باش بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستەبەر دەکات، پێگەی هەرێمی کوردستانیش لەبەرامبەر بەغدا بەهێزتر دەکات و لە دانوستاندا بەغدا دەزانێ کە هەرێمی کوردستان لەم قۆناغەی کە چاکسازی کردوە دەتوانێ خۆی بەڕێوە بەرێت، ئەوەش وادەکات بێمنەت نەبێ لەو مافانەی کە ساڵانێکە لە خەڵکی هەرێمی کوردستانی زەوتکردوە، گووتیشی ”باشترە حکوومەت هەرێمی کوردستان بە پێگەی بەهێزەوە بڕواتە دانوستانەکان، نەوەکو بەلاوازی، ئەوەی ئێستاش لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازی دەستی پێکردوە ئەو پێگە بەهێزە دەدات بە هەرێمی کوردستان کە بێمنەت بێت لەگفتووگۆکانی لەگەڵ بەغدا و بۆ سەندنی زیاتر بچێت، لە دۆخێکدا ڕێکەوتنیش روونەدات ئەوە کاریگەری هێندە خراپ نەکاتە سەر دۆخی هەرێمی کوردستان، چونکە رەنگە لە دۆخی خراپ کە فشاری مووچەی بەسەرەوە بێت ئەوە بەغدا کە خۆی سەرچاوەی دروستکردنی ئەو گرفتەیە هەر خۆشی وەکو کارتێکی فشار بەکاری بهێنێت“.

ئەو چاودێرە سیاسیە، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە بۆ هەرێمی کوردستان باشە لەپاڵ ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیەی دەستیپێکردوە، گفتووگۆکانیشی لەگەڵ بەغدا درێژە پێبدات، گووتی ”تاوەکو ئێستا ئێمە بەشێکین لە عێڕاق ئێستا کە بودجەی ٢٠٢١ لە پەرلەمانی عێراق گفتووگۆ دەکرێت، بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە لەو بودجەیەدا شایستە داراییەکانی خۆی مسۆگەر بکات ئەوەش هەنگاوێکی گەورەو یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵکی کوردستان لەگەڵ هەنگاوی چاکسازیدا“.

دیندار نەجمان دۆسکی، ڕاشی گەیاند، ئەو چاکسازیەی کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردوە هەر چەند رژدتر و فراوانتر بێت ئەنجامەکەی زووتر دەردەکەوێ، چونکە ئەنجامدانی چاکسازی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرزدەکاتەوە و ئەوەش دۆخی خەڵک بەرەو باشتر دەڕوات.











باسنیوز


Top