ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان : تەنیا ئەوانەی بەرژەوەندییە نایاساییەکانیان کەوتووەتە بەر مەترسی دژایەتیی چاکسازی دەکەن
خەدیجە مزوری، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لە سەرەتاوە نیەت و ئێرادەی بەھێز و جدی ھەبوو بۆ ئەنجامدانی چاکسازی.
خەدیجە مزوری هەروەها رایگەیاند، یەکێک لە خاڵە سەرەکی و لە پێشینەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەم روبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بە سزا گەیاندنی گەندەڵکاران بوو، کە خواستی ھەموو تاکێکی کوردستانە.
لەبارەی هەنگاوەکانی چاکسازی، ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، حکوومەت بە ناردنی پرۆژەیاسای چاکسازی و پەسەندکردنی لە پەرلەمان، هەنگاوی یەکەمی بۆ چاکسازی نا و بەهۆیەوە باج و گومرگ و خەرجییەکان رێکخرانەوە و داهاتی ناوخۆی زیادی کرد.
خەدیجە مزوری دڵنیایی خۆی لە بوونی ”کەسانێک“ نیشان دا، کە بەرژەوەندییە نایاساییەکانیان بەهۆی چاکسازییەوە دەکەوێتە بەر مەترسی، بۆیە ئەو کەسانە لە هەوڵدان و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دژایەتیی پرۆسەی چاکسازی دەکەن.
باسنيوز
