کێشەی خۆڵ و خاشاکی گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر چارەسەرکرا
هاونیشتمانییەک بەناوی سەلاح گوتی "لە گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر 5-6 رۆژە زبڵ و خۆڵ و خاشاکی گەڕەکەکە کۆنەکراوەتەوە. ئەوەش هاونیشتمانیانی بێزارکردووە، دەنگۆی مانگرتنی ئەو کۆمپانیایە هەیە کەوا کاری کۆکردنەوە و فڕێدانی خۆڵ و خاشاکی گەڕەکەکەی لەئەستۆ بووە".
سیامەند کەریم، گوتەبێژی شارەوانیی هەولێر راگەیاند "دوای ئەوەی ساڵی رابردوو کۆتاییهات، گرێبەستی کۆمپانیاکانی پاککەرەوە لە سنووری هەر شەش بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر کۆتاییهات، کۆمپانیاکانی دیکە لەڕێگەی تەندەرەوە شوێنی ئەوانیان گرتەوە. بەو هۆیەوە لە ئەنجامی ئاڵوگۆڕەکە مامەڵە و رێکارەکان پێویستن، رۆژێک تاوەکو دوو رۆژ کێشەی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک هەبوو. دوای ئەوە راستەوخۆ دەست بە پاککردنەوە کراوە".
گوتەبێژی شارەوانیی هەولێر، باسی لەوە کرد، "ئەو کێشەی هەیە دروستکراوە، کە پەیوەندیی دەکرێت و دەڵێن کێشەی فڕێدانی زبڵ و خاشاک هەیە، ئەوە پەیوەندیی بە كێشەی نێوان کۆمپانیاکانی پاککەرەوە خۆیانەوە هەیە، چونکە کۆمپانیاکە تەندرەکەی لێ وەرگیراوەتەوە و پێی ناخۆشە و دەیەوێت کێشە بۆ کۆمپانیا نوێیەکە دروست بکات. کۆمپانیا هەیە دەڵێت، 400 سیمکارتم کڕیوە بۆئەوەی تەلەفۆن بۆ راگەیاندنەکان و شوێنەکان بکەم بڵێم کێشەی زبڵ هەیە".
سیامەند کەریم داوای لە هاونیشتمانیان کرد، ئەگەر لە هەرشوێنێک کێشەی کۆکردنەوەی زبڵ هەبوو پەیوەندی بە ژمارە (07511624550)، بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزی هەولێرەوە بکەن تاوەکو تیمەکان راستەوخۆ بچن زبڵەکە کۆبکەنەوە.
rudaw -
