پەرلەمانتارێكی پارتی: كەس تەکلیفی لە کۆمەڵ و یەکگرتوو نەکردووە دەنگ بە كاندیدی سامانە سرووشتییەكان بدەن
بەهمەن كاك عەبدوڵا، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند: ”سبەی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانە بۆ دەنگدان بە کاندیدی وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. هەر لە ئیستاوە فراکسیۆنی کۆمەڵ و یەکگرتوو دەستیان بە موزایەدە كردووە گوایە دەنگ بەو کاندیدە نادەن. جارێ ئەوان ئۆپۆزسیۆنن و ئۆپۆزسیۆنیش دەنگ بە کابینەی حكوومی نادات ئیتر موزایەدە و خۆشینکردنەوەی ناوێت“.
ڕوونیشی كردۆتەوە ”کەس لە پارتی و فراکسیۆنەکەی تەکلیفی لە كۆمەڵ و یەكگرتوو نەکردووە دەنگ بدەن و تەکلیفیشیان لێ ناکەین و پێویستیشمان بە دەنگی ئەوان نییە“.
بەهمەن كاك عەبدوڵا باسی لە هەڵوێستی كۆمەڵ كردووە و ڕای گەیاندووە: ”کۆمەڵی ئیسلامی و کاك عەبدولستار ناهەقیان نییە هیچ قسەیەکی خێر لەسەر ئەم کابینەیە نەکەن و بەردەوامیش دژی بن، چونکە ماوەیەکی زۆر لە چاوەڕوانیی فەرموویەک یان (کەرەمکەن)ێکی پارتی مانەوە و نەیانبینی، بۆیە لە هەستی برینداریان تێ دەگەین“.
لەبارەی هەڵوێستی چەند پەرلەمانتارێكیش كە بانگەشەی ئەوەیان كردووە گوایە دەنگ بە كاندیدی وەزیری سامانە سرووشتییەكان نادەن، پەرلەمانتارەكەی پارتی دەڵێت: ”با بزانن پۆستیتریان ماوە و رۆژگاریش زۆری ماوە، ئێمە دەنگی تەواومان هەیە، بەڵام دواتر با کاك عەدنان عوسمان گلەیی لەو پەرلەمانتارانەی خۆیان بکات کە هاک کراون، بۆ پۆستەکانی داهاتوویان“.
باسنیوز
