وەزیری دارایی: حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی ڕێکكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدایە
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 4ی كانوونی دووەمی 2021، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازی لە ڕۆب ۆڵەر، كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا و شاندی یاوەری كرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکە، "لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە ڕێكکەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كرا و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و باسی ئاستەنگەكانی بەردەم ڕێکكەوتنەكەش كرا".
ئەوەشخراوەتەڕوو، وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەداوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی ڕێکكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدایە و دەیانەوێت ببنە بەشێك لە چارەسەر نەك ببنە بەشێك لە كێشەكان، لە هەمانكاتدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵدەدات كێشە داراییەكانی خۆی چارەسەر بكات، ئەوەش بە ڕێكخستنەوەی كەمكردنەوەی خەرجی و زیادكردنی داهات لە بودجەی 2021.
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، کە كونسوڵی گشتیی ئەمریکا سەرەرای سوپاسگوزاری بۆ وەزیری دارایی جەختی لەوە كردەوە كە حكوومەتی ئەمریكا پاڵپشتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن، ئامادەن بە هەموو شێوەیەك هانی هەولێر و بەغدا بدەن بۆ ڕێکكەوتنی نێوان هەردوولا.
باسنيوز
