وەزارەتى پێشمەرگە و پەرلەمانى عێراق له‌ چه‌ند دۆسیه‌یه‌كدا هەماهەنگى دەکەن

وەزارەتى پێشمەرگە و پەرلەمانى عێراق له‌ چه‌ند دۆسیه‌یه‌كدا هەماهەنگى دەکەن
بەمەبەستى گفتوگۆكردن لەسەر دۆسیەکانى سنوور و شایستەداراییەکانى پێشمەرگە و پرسی ئەمنى، ئەمڕۆ شاندى پەرلەمانى عێراق له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كۆ بوونه‌وه‌‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 4/1/2020، شاندێكی په‌رله‌مانی عێراق، کە پێکهاتبوون لە د. بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکى پەرلەمانى عیراق و د. ناسیح هەرکى ئەندامى لیژنەى بەرگرى و ئاسایشی پەرلەمانى عیراق، له‌گه‌ڵ شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و ئه‌فسه‌ر و پله‌داره‌كانی وه‌زاره‌ت كۆبوونه‌وه‌، دواى کۆبوونەوەی شاندی په‌رله‌مانی عێراق و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا شۆڕش ئیسماعیل، وەزیرى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان گوتى: ئەم هاتنە بۆ ئەوە بووە هەماهەنگى نێوان وەزارەتى پێشمەرگە و سەرۆکایەتى پەرلەمانى عیراق بەرفراوان بێ.

لەبارەى ڕێککەوتنى هاوبەشیشەوە وەزیرى پێشمەرگە گوتى: پێشمەرگەى کوردستان توانیویەتى تیرۆستانى داعش تێک بشکێنێت و تا پێشمەرگەش نەگەڕێتەوە کێشەکانى ئەو ناوچانەى کە کێشەیان لەسەرە چارەسەر نابێت. وە ئەو داواکارییەش بە پێی دەستوور و یاسا ئێمە داواى دەکەین، بۆیە ئەگەر پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە، ئەوا کێشەکانى ئەو ناوچانە بە یەکجارى چارەسەر دەبن.

گوتیشی: لە ئێستادا لەسەر ئەوە ڕێککەوتووین کە دوو ناوەندى سەرەکیی و چوار ناوەندى هەماهەنگى لەنێوان عیراق و کوردستان هەبێ بۆ ئەوەى هێزى پێشمەرگە بچنەوە ئەو ناوچانە لەوانەش بۆ (کەیوان ـ خانەقین ـ مەخموور ـ دەشتى نەینەوا)

باسی لەوەش کرد کە پێشمەرگە بەشێکە لە دامەزراوەى بەرگریی عێراقى بەرامبەر تیرۆریستان، بۆیە ئێمە بەردەوام داواى شایستەداراییەکانى پێشمەرگە لە عێراق دەکەین و ئەوەى زانیویشمانە کە پشکى پێشمەرگە لە پڕۆژە بودجەى ٢٠٢١ى عیراق زیاد بووە.

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌نووسییه‌كه‌دا، د. بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، گوتى: لەگەڵ لیژنەى بەرگری و ئاسایشی عێراق کە هاتووینەتە وەزارەتى پێشمەرگە لەبارەى سنوورى نێوان هەریمى کوردستان و عێراق و باسکردن لە شایستە داراییەکانى وەزارەتى پێشمەرگە لە حکوومەتى عیراق و باسی هەنگاوەکانى چۆنیەتى کارکردن بەیەکەوە لەسەر ئەو دۆسیانە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، لە سەرگەڕان و پەلکانە و خانەقین کێشەى زەوى و زاریش لە نێوان کورد و عەرەبەکان دروست بووە و بەهۆی ئەوەشەوە کە سوپاى عیراق چووه‌تە ناو کێشەکانەوە، پێویست دەکات هەماهەنگى نێوان پێشمەرگە و هێزەکانى عێراق هەبێ. بەتایبەتى بۆ بوونى هێزەکانى پێشمەرگە بۆ ئەوەى هەم لایەنى ئەمنی ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى کوردستان پارێزراوبێ هەمیش بەیەکەوە کێشەکانى خه‌ڵكی ئه‌و سنوور و ناوچانه‌ چارەسەر بکەن.

لەبارەى ڕیککەوتنى نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقیش د. بەشیر حەداد گوتى: ڕێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا کراوە و لە هەوڵى ئەوەداین گفتوگۆیەک لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان بکرێت تا ڕێککەوتن بکرێت، بەلام ئەوەى گرفت دروست دەکات پەرلەمانتارانى چه‌ند لایەنێکى سیاسین کە گرفت بۆ ڕێککەوتنى هەولێر و بەغدا دەکات، بەڵام بەهۆی ئەوەى کە عێراق لە بارودۆخێکى دارایی ناسەقامگیردایە بۆیە هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ ئەوەى عێراق پابەندى بڕگە یاساییەکانى ڕێککەوتن و بوجەى ئەمساڵیش بێت، هەرچی حکوومەتى هەرێمی كوردستانه‌ لە سەرەتاى ساڵى ٢٠١٩وە بە فەرمى پابەندى خۆیان بە وابەستەکانى بێت بەرامبەر بە عێراق، بەڵام عێراق هیچ گەرەنتییەکى نییە.

لەبارەى گفتوگۆی پەرلەمانى عێراق بۆ تێپەڕاندنى پڕۆژەى بودجەى 2021، د. بەشیر حەداد گوتى لەماوەى دوو مانگى ڕابردووەوە لە هەوڵداین بۆ ئەوەى ڕێککەوتن لەسەر پڕۆژە بودجەى ساڵى 2021 بکرێت، تا بتوانین هەمووان بەو بڕگەیاساییانە ڕازی بن ئەو هەوڵەشمان بەردەوامە.












باسنيوز


Top