سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی: بەهۆی پەكەكەوە ئاسایش و هاووڵاتیانی سلێمانی لە مەترسیدان
بەرزان حامید، سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، لە خۆپیشاندانەکانی ڕابردووی سنووری پارێزگای سلێمانی، دەستی ئاژاوەگێڕی و تێکدەری خۆی خزاندە نێویەوە، ”ئەرکی دەزگا ئەمنییەكانە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو دەستە ئاژاوەگێڕییانە بکەن كە ئاراستەی خۆپیشاندانەكانیان بەرەو کاری توندوتیژی گۆڕی و بەداخەوە ژمارەیەک ھاوڵاتی شەھید و بریندار بوون“.
ڕوونیشی كردەوە: ”ھیچ ھێزێکی سیاسی بە پەکەکە و حزبەکانی دیکەوە، مافی ئەوەیان نییە خۆیان تێکەڵی خۆپیشاندان بکەن، پێویستە خۆپیشاندەران چیتر ڕێگە بەوە نەدەن حزب و لایەنێکی سیاسی خۆیان بخزێننە نێو خۆپیشاندانەکانەوە، چونکە ئەو حزبانە مەرامی خۆیان جێبەجێ دەکەن و زیان لە داخوازیی خۆپیشاندەران دەدەن“.
بەرزان حامید، سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نەیشاردەوە، پەكەكە باوەڕی بە دامەزراوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نییە، بۆیە ”ئەوان ھەمیشە ھەوڵی ئەوە دەدەن کێشە بۆ خەڵکی کوردستان دروست بکەن، تەنانەت پەکەکە لە ناوچەی شارباژێڕی شاری سلێمانی زیانی بە هاووڵاتیان گەیاندووە، چونکە بەردەوام فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومانی ئەو ناوچانە دەکات، بێگومان بەھۆی پەکەکەوە ئاسایش و سەقامگیریی ھاووڵاتیانی شاری سلێمانی ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە بووەتەوە“.
باسنیوز
