لابردنی پیتی کوردی لەسەر تابلۆی ناوی چەند گوندێکی مێردین ناڕەزایەتیی هاونیشتمانیانی لێکەوتەوە
میدیای تورکیا وێنەی تابلۆ نوێکانی بڵاوکردووەتەوە و تێیاندا دیارە پیتەکانی "X ،W ،Q" کە لە نووسینی تورکیدا نین، بەڵام بەهۆی ناوە کوردییەکانەوە بەکارهاتوون، هیچیان نەماون و لە شوێنەکانیاندا پیتی تورکیی "H ،V ،K" دانراون.
دوای ئەوەی شارەوانیی ئارتوکڵو ئەو ناوانەی گۆڕی، ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا ناڕەزایەتییان نیشان داوە و ئەوەیان بە "هەنگاوێکی نابەجێ" ناوبردووە.
محەممەد عالی ئاماک، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی ئارتوکڵو کە لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)یە ئەو هەنگاوەی بە "بێمانا" ناو برد و گوتی: "هیوادارین ئەم کارە هەڵەیەک بێت لەلایەن کۆمپانیای ئامادەکاری ئەو تابلۆیانەوە، نەک سیاسەتی ئاکپارتی. چونکە ئەگەر بە ئامانجەوە پیتە کوردییەکان دەرهێنرابن، ئەمە لە دوژمنکاری بەولاوە شتێکی دیکە نییە."
محەممەد عالی ئاماک ئاماژەی بەوە دا، ئەوان وەکو ئەندامانی هەدەپە لە ئەنجوومەنی شارەوانیدا داوادەکەن هەتا زووە ئەو هەڵەیە چاک بکرێتەوە. رۆژی دووشەممە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەمساڵی ئەنجوومەنەکەیان بەڕێوەدەچێت. لەو کۆبوونەوەیەشدا بابەتەکە تەوەری سەرەکی دەبێت.
ئەوە لە کاتێکدایە ئاکپارتی تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو رووداوەوە بە فەرمی بڵاونەکردووەتەوە.
میدیاکانی باکووری کوردستان و تورکیا باس لە هەردوو ئەگەر دەکەن: هەم سیاسەتی ئاکپارتی و هەم هەڵەی رێنووسی ئەو کۆمپانیایەی تابلۆی ناوی گوندەکانی نوێکردوونەتەوە.
rudaw -
