وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان پلانێکی نوێ بۆ رێگریکردن لە ڤایرۆسە گۆڕاوەکە دادەنێت

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان پلانێکی نوێ بۆ رێگریکردن لە ڤایرۆسە گۆڕاوەکە دادەنێت
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت بۆ رێگریکردن لە هاتن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە گۆڕاوەکەی کۆرۆنا پلانێکی نوێ دابنێت.

د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، "تاوەکو ئێستا هیچ تووشبوویەک بە ڤایرۆسە گۆڕاوەکەی کۆرۆنا لە هەرێمی دەستنیشان نەکراوە، بۆ رێگریکردن لە هاتنی ئەو ڤایرۆسەش سبەی یەکشەممە وەزارەتی تەندروستی کۆدەبێتەوە و رێکار و پلانی نوێ دەگرێتەبەر."

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە دا، تاوەکو ئێستا رێکارەکان وەکو خۆیانن، پشکنینی کۆرۆنا لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە هەیە و ئەو کەسانەشی دەگەڕێنەوە یان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن دەبێت دوو هەفتە کەرەنتین بکرێن.

تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 21 هەزار و 871 کەس کەرەنتین کراون و 948 هەزار و 731 پشکنینیش بۆ دەستنیشانکردنی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کراون.

بە کۆی گشتی لە هەرێمی کوردستان 103 هەزار و 565 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، لەو ژمارەیە 72 هەزار و 158 کەسیان چاکبوونەتەوە، 28 هەزار و 17 کەسیان لەژێر چارەسەردان و سێ هەزار و 390 تووشبوویش مردوون.
rudaw -
Top