لەبارەی کەمبوونەوەی کارەبا لە سلێمانی روونکردنەوە دەدرێت؛ هەندێک گەڕەک سەرە محاویلەی بۆ دانراوە

لەبارەی کەمبوونەوەی کارەبا لە سلێمانی روونکردنەوە دەدرێت؛ هەندێک گەڕەک سەرە محاویلەی بۆ دانراوە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی کەمبوونەوەی کارەبا بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەهۆی زیادبوونی خواستە لەسەر کارەبا؛ ئاماژەی بەوەش کردووە، هەندێک گەڕەک سەرە محاویلەی بۆ دانراوە.

لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "ئاشکرایە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و دابەزینی پلەکانی گەرما و بەرزبوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی بەشێوەیەک کە گەیشتووەتە زیاتر لە 2400 مێگاوات لە پارێزگا و پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری خواستیش دەکەین، بەو هیوایەوە کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لەناو شار بۆ (8 بۆ 9) کاژێر کەمبووەتەوە".

بەپێی روونکردنەوەکە، لەمساڵدا بەرهەمهێنانی کارەبا زیادیکردووە و گەیشتووەتە 3800 مێگاوات، دەشڵێت "بەڵام بەداخەوە دابەشنەکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا و بەکارهێنانی کارەبا لەبری سووتەمەنی، خواستی لەسەر کارەبا زۆر زیاد کردووە، جگە لەوەی کە بەشێک لە فیدەر ئۆڤەر لۆدە و هەندێک گەڕەک سەرە محاویلەی بۆ دانراوە، کە (24) کاژێر کارەبای نیشتمانییان نابێت".

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی کارەبای سلێمانی وەکو بەرپرسیاری سەرەکی لە دابەشکردنی کارەبا بەسەر فیدەرەکاندا کە 600 فیدەرە، هەوڵدەدات جۆرێک لە دادپەروەری هەبێت لە پێدانی کارەبا بەسەر گشت گەڕەک و شار و شارۆچکەکان.

بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی داوا لە هاونیشتمانیان دەکات کە هاوکاریان بن و دەڵێت "دڵنیابن کەمبوونەوەی کارەبا پەیوەندیی بە بەرزبوونەوەی خواستەوە هەیە، هەوڵی تەواو دەدەین کە ئەو بڕە کارەبایە هەیە بە دادپەروەری دابەشی بکەین، دووبارەشی دەکەینەوە کە هاوکاریی هاونیشتمانیان یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە".
rudaw -
Top