قۆناغی چوارەمی شایستە داراییهكانى گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی ههرێمى كوردستان خهرج دهكرێت
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاى دهگهیهنێت، قۆناغی چوارەمی شایستە داراییهكانى گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی ههرێمى كوردستان خهرج دهكرێت.
نەوزاد شێخ شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: "ڕەزامەندی دراوە قۆناغی چوارەمی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2020 خەرج بکرێت، دوای پشووەکانی سەری ساڵ ڕێکارە ئیدارییەکانی وەرگرتنی پارەکە و خەرجکردنی بەسەر جووتیاران دەگیرێتە بەر".
لای خۆیەوە هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە بەغداوە ڕەزامەندیی خەرجکردنی 11 ملیار و 770 ملیۆن دیناری قۆناغی چوارەمی شایستە داراییەکانی جووتیارانی ههرێمى کوردستان دراوە، لەو بڕه پارەیەش سێ ملیار و 400 ملیۆن دینار بۆ جووتیارانی پارێزگای هەولێر خەرج دەکرێ".
ئاماژەی بەوەش دا، جگە لەو بڕە پارەیە، ئێستاش بڕە پارەیەکی زۆری شایستەی دارایی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لای بەغدا ماوە و خەرج نەکراوە.
پێشتر له قۆناغی یەکەمی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ئەمساڵی گەنمی جووتیارانی هەولێر دوو ملیار دینار خەرج كرا، دواتر بڕی ههشت ملیار و 85 ملیۆن دینار وەكوو قۆناغی دووەمی خەرج كرا، پاشان ملیارێک و 500 ملیۆن دیناری دیكه وەکوو قۆناغی سێیەم خەرج کرا.
حكوومەتی عێراق بڕیاری دا لە كۆی یەك ملیۆن تۆنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمساڵ، تەنیا 390 هەزار تۆن وەربگرێت و پارەکەش بە چەند قۆناغێک بدات.
باسنيوز
