کۆمپانیای دابەشکاری غاز: بەشێکی نرخی زیادکردنی غازمان خستووەتە ئەستۆی خۆمان

کۆمپانیای دابەشکاری غاز: بەشێکی نرخی زیادکردنی غازمان خستووەتە ئەستۆی خۆمان

لە هەرێمی کوردستان نرخی بوتڵی غاز گران بووە ئەوەش بەهۆی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار. بەڵام بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دابەشکاری غاز ئەگەر بەپێی بەرزبوونەوەی دۆلار بووایە دەبووایە زیاتر لە 20٪ بەرزمان بکردایەتەوە، بەڵام ئێمە هەزار دینار بەرزمان کردەوە کە دەکاتە نزیکەی 10٪ و ئەوەی دیکەش لە ئەستۆی خۆمانە

سەعید پێی گوتراوە لە ئەمڕۆوە دەبێت هەر بوتڵێک غاز بە 8500 دینار بفرۆشێت. بە قسەکانیدا دەردەکەوێت خەڵک زۆر بەم بڕیارە رازی نین.

سەعید حەمەد، غازفرۆشە و دەڵێت: "من رۆژانە بە قەرز غاز دەدەمە خەڵک و زۆر کەس هەیە بە راستی پێیناکڕدرێت و زەختێکی زۆرە لەسەر خەڵک. من دەگەڕێم دەزانم چەند خەڵکی فەقیر زۆرە."

شکوری رەشید، دووکاندارێکی دهۆکە و دەڵێت: "کە ئەم بەیانییە هاتین گوتیان غاز بووەتە نۆ هەزار دینار و ئیتر نەمانزانی هۆکارەکەی چییە."

هێرش مەزهەر، شۆفێر تەکسییە لە هەولێر و دەڵێت: "خەڵک نییەتی بیکڕێت. خەڵک خۆی کێشەی زۆرە و ناتوانێت ئەوەش زیاد بکات بۆ سەر کێشە و گرانییەکان."

کارگەکانی پڕکردنەوەی غاز باس لەوە دەکەن ئەم گۆڕینی نرخە هیچ سوود و گۆڕانکارییەکی بۆ ئەوان نەبووە.

هەردی هەورامی، خاوەنی کارگەی غازە و دەڵێت: "بۆ هەر تۆنێک 83 هەزار دینار چووەتە سەری و ئەمەش لەلایەن کۆمپانیای دابەشکارەوە دانراوە و هیچ پەیوەندیی بە حەقدەستی ئێمەوە نییە."

چووینە کۆمپانیای دابەشکاری غازی شل لە هەرێمی کوردستان و لە هۆکاری سەرەکی گرانبوونی نرخی غازمان پرسی.

سامان حاجی فایەق، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە کۆمپانیای ساوس کوردستان دەڵێت: "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی و هەولێر و هەڵەبجە ئەو نرخەمان زیاد کردووە. ئەگەر بەپێی بەرزبوونەوەی دۆلار بووایە دەبووایە زیاتر لە 20٪ بەرزمان بکردایەتەوە، بەڵام ئێمە هەزار دینار بەرزمان کردەوە کە دەکاتە نزیکەی 10٪ و ئەوەی دیکەش لە ئەستۆی خۆمانە."

لە پارێزگای دهۆک گەیاندنی یەک بوتڵ غاز بۆ ماڵان نۆ هەزار دینار و لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بە 8500 دینار جێگیر بووە. پێویستیی هەرێمی کوردستان بە غازی شل رۆژانە زیاتر لە 1200 تۆنە کە لەلایەن نزیکەی 140 کارگەی پڕکردنەوەی غازی شل دابەش دەکرێت.
rudaw -
Top