ئاوارەکانی کەمپی واشۆکان لە رەوشێکی خراپدا دەژین
ئەیمەن ساڵحی 23 ساڵان لە کەم بۆردوومانی رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2019دا خانووەکەیان گوللـە تۆپی بەرکەوت و لە ئەنجامدا قاچێکی پەڕی.
ئەیمەن ساڵح، ئاوارەی خەڵکی سەرێکانییە و دەڵێت: "سەرما زۆر کاریگەریی لەسەر ئەو قاچە براوەم هەیە و زۆر ئازاری دەبێت. بە بەردەوامی زۆپامان دادەگیرسێت، بەڵام سووتەمەنی بەشمان ناکات. جار هەیە سووتەمەنیمان نییە و لە سەرماندا ئازار دەچێژم."
ئەیمەن لەگەڵ دایک و باوکیدا لە چادرێکی کەمپی واشۆکاندا دەژین و خوێندکاری زانکۆی حەسەکەیە.
نەک تەنیا ئەیمەن، 13 هەزار کەسی دیکە کە لەو کەمپەدان و 137 هەزار کۆچبەری سەرێکانی لە دەرەوەی کەمپ لە رۆژئاوای کوردستان لە دۆخێکی سەختدا دەژین.
نۆرەگرتن بۆ دەستکەوتنی سەرەتاییترین پێداویستیی ژیان کارێکی رۆژانەی نێو کەمپەکەیە و، هەر خێزانێک تەنیا دوو لیتر و نیو سووتەمەنییان دەدرێتێ، بەڵام بەشیان ناکات و بڕیارە بۆیان بکرێتە پێنج لیتر.
عەبدولحەمید حەموود، هاوسەرۆکی کەمپی واشۆکانی گوت: "بۆ زستانی ئەم ساڵ رێکاری دابەشکردنی سووتەمەنی رۆژی پێنج لیترە. پێشتر دوو لیتر و نیو بوو، بەڵام زیادمان کرد."
دوو هەزار و 486 خێزان لەنێو هەزار و 740 چادردا دەژین کە چادری وا هەیە لە خێزانێک زیاتری تێدایە. 11 رێکخراوی ناحکومی هاوکارییان دەکەن، بەڵام لە ئاستی پێویستدا نییە.
rudaw -
