فەرماندەیەکی پێشمەرگە: لاهوور جەنگی براكەمی كوشت هەرچەند باوكم سەركردەی یەكێتی بووە
کادیر شەھید نازم، فەرماندەی پێشمەرگە لە چەمچەماڵ ڕیاگەیاند: ”لاھوور جەنگی پیاوێکی خیانەتکاری خاکفرۆشە و کاتێک وشەی خیانەتمان بەرگوێ دەكەوێت، لاھوور جەنگی و براكانیمان بیر دەكەوێتەوە“.
ڕوونیشی كردەوە، لاھوور جەنگی و براكانی ھەموو ژیانیان خیانەت بووە، ”ئێمە لە کاتی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەردا بە درێژایی دوو ھەزار کیلۆمەتر سنووری خاکی کوردستانمان دەپاراست، بەڵام ئەوان بە ڕێككەوتنێكی بێشەرمانە لە بەرامبەر بیرە نەوتێک ئەو خاکەیان بە سوپای عێراق و میلیشیای حەشدی شەعبی فرۆشت.
گوتیشی: ”لاهوور جەنگی كوڕی شەهیدانی حزبەكەی خۆیشی دەكوژێت، ئیتر خیانەت لەوە زیاتر دەبێ چی بێت؟ لاھوور جەنگی برایەکی منی كوشتووە لە كاتێكدا باوکم شەھیدی سەرکردەی یەکێتی بووە“.
ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر حیكمەت محەمەد، ئەندامی لێژنەی لێكۆڵینەوە لە توندوتیژییەكانی ئەم دواییەی سلێمانی ئاشكرا كرد كە دەركەوتووە چەكدارانی سەر بە گرووپەكەی لاهوور جەنگی تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردووە و ”بە شەو خەڵكیان كوشتووە و بە ڕۆژیش بۆیان گریاون“.
باسنیوز
