بەرگریی شارستانیی هەولێر هەندێ وردەکاریی ئاگرکەوتنەوەی پاڵاوگەکەی خستە ڕوو

بەرگریی شارستانیی هەولێر هەندێ وردەکاریی ئاگرکەوتنەوەی پاڵاوگەکەی خستە ڕوو
سەرکەوت کاڕەش گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا هەندێ وردەکاریی ئاگرکەوتنەوەی پاڵاوگەیەکی نەوت و غازی لە سنووری گەورکۆسک خستە ڕوو.

سەرکەوت کاڕەش ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی١٢ی٢٠٢٠ بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "کاتژمێر ١٠:١٠ خولەکی ئەمڕۆ پێنجشەممە تیمی بەرگریی شارستانیی گەورکۆسک ئاگادار کرایەوە کە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە پاڵاوگەی گەورکۆسک هەیە، بۆیە دەستبەجێ تیمی بنکەکانمان و بەتایبەت تیمی بنکەی قەزای خەبات گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام بەداخەوە لە رووداوەکە سێ کەس لە کرێکارانی پاڵاوگەکە گیانیان لەدەست دابوو، دوو کەسیش بریندار بوون".

گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر گوتیشی: "ئێستا تیمێکی شارەزا لە بەرگریی شارستانی و دوو ئەفسەر و ئەندازیارانی سەلامەتیی کۆمپانیاکە و بنکەی پۆلیس لە شوێنی ڕووداوەکەن و لێکۆڵینەوەی تەواو لە هۆکاری ڕووداوەکە، چۆنیەتیی ڕوودانی و هاوکات زیانەکانیش دەکەن و پاشان ڕادەگەیەندرێت".

ئاماژەی بەوەش دا: "هەموو قوربانییەکانی ڕووداوەکە خەڵکی هەولێر و دەوروبەرن و بەپێی زانیارییەکانمان ڕەوشی تەندروستیی بریندارەکان باشە".

لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش گوتی: "هێشتا ڕووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوە دایە، چونکە حاڵەتی گیانلەدەستدانی تێدایە و دەبێ ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەی ورد لە تەواوی ڕووداوەکە بکرێت پاشان دەخرێنە ڕوو".

سەرکەوت کاڕەش ڕاشی گەیاند: "ئەم پاڵاوگەیە تیمی ئاگرکوژێنەوەی تایبەتمەندییان هەیە و لەسەر ستانداردی نێودەوڵەتی کار دەکات و هەموو پێوەرە سەلامەتییەکانی تێدایە، بەڵام ئێمە ناچینەوە ناو وردەکارییەوە و با ڕێڕەوی لێکۆڵینەوە هۆکاری ڕووداوەکە دەربخات، پاشان ڕای گشتی لە هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە ئاگادار دەکەینەوە".












باسنيوز


Top