شانەی قەیرانەكانی كەركووك بڕیاری داخستنی چێشتخانە و مۆڵ و كافتریاكانی دا
لەمبارەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 23/12/2020، دلێر شوانی، ئەندامی شانەی قەیرانەكانی كەركووك، ڕايگەیاند: "شانەی قەیرانەكانی كەركووك، بە پشتبەستن بە بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە سبەی پێنجشەممە 24/12/2020 بڕیاری داخستنی مۆڵەكان و چێشتخانە و هۆڵی بۆنەكان و كافتریانی دا بۆ ماوەی 14 رۆژ، هەروەها هەموو گردبوونەوەیەكی خۆشی و ناخۆشی قەدەخە دەبێت".
گوتیشی: "هەر هاووڵاتییەك لە وڵاتەكانی بەریتانیا و ئوستورالیا و دانیمارك و هۆڵەندا و بەلجیكا و باشووری ئەفریقیا و ئێران و یابان بگەڕێتەوە، بۆ ماوەی 14 رۆژ كەرەنتین دەكرێن، هەروەها پێویستە فەرمانبەران و هاووڵاتییان لەناو فەرمانگەكان و هەروەها شوێنە گشتییەكان پابەندی بەستنی دەمامك بن، هەروەها خاوەنی دوكان و سوپەر ماركێتەكانیش پابەند دەكرێن كە هەر هاووڵاتییەك بچێتە شوێنی كارەكانیان پێویستە دەمامك ببەستن".
ئاماژەی بەوەش دا: "بڕیارێكی تری شانەی قەیرانەكانی كەركووك بریتییە لەوەی هەر خاوەن دەرمانخانەیەك نرخی دەمامك زیاد، بكات ئەوا رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەكرێتەوە".
باسنيوز
