بەرپرسێكی پێشووی یەكێتی: پێویستە پەكەكە بچێتە باكووری كوردستان نەك لێرە كێشە بنێتەوە
ئەحمەد قەدەفەری، جێگری پێشووی بەرپرسی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، خۆپیشاندانەکانی پێشووی سنووری پارێزگای سلێمانی تا ئەو کاتەی خەڵکی بە شێوەیەکی مەدەنی داوای مافەکانی خۆیان دەكرد، ئاسایی بوون، بەڵام کاتێک خۆپیشاندانەکان گرژی و ئاڵۆزییان تێکەوت، “ئەو كاتە بوو كە دەستێکی لەرزۆک خۆی تێکەڵی خۆپیشاندانەکان کرد بۆ ئەوەی بە لاڕێیدا ببات”.
ڕوونیشی كردەوە: “سووتاندنی بارەگای حزبی و حکوومی پەیوەندی بە داخوازی خەڵکەوە نەبووە، دواجار ھەر حزبێک ھانی خەڵکی بدات بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاڵۆز بکات، ئەوا دۆستی کورد نییە”.
ئەحمەد قەدەفەری، ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەرێمی كوردستاندا دەرفەتێك بە پەكەكە دراوە و لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیش ئازادییەك بە جموجۆڵی پەكەكە دراوە، بۆیە “پێویستە پەكەكە ڕێز لە باشووری کوردستان بگرێت، باشترە پەکەکە لە باکووری کوردستان خەبات و تێکۆشان بکات، ئەوەی پێی خۆشە لەوێ بیكات، لێرەش وەکوو حزبەكانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، خەباتی سیاسی و مەدەنی بکات”.
باسنیوز
