وەزیری تەندروستی: له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ناوخۆ بڕیاری پێویست له‌باره‌ى خۆپارێزییه‌وه‌ دەردەکەین

وەزیری تەندروستی: له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ناوخۆ بڕیاری پێویست له‌باره‌ى خۆپارێزییه‌وه‌ دەردەکەین


وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، چەند ڕێکارێکی نوێ بۆ خۆپارێزی لە په‌تاى کۆرۆنا و جۆره‌ نوێیه‌كه‌ى په‌تاكه‌ دەگرنە بەر.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23/12/2020، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: "بە هەستیارییەوە دەڕوانینە جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، چەند ڕێکارێکى نوێ بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی کوردستان دەگرینە بەر، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ باس لە ڕێکارەکانى خۆپارێزى دەکەین و بڕیاری پێویست دەردەکەین".

ڕوونیشی کردەوە، کە ڕێکارەکان جیاواز دەبن، گوتیشی: "لەسەر گەشتکردن و بۆنە و ئاهەنگ و کۆبوونەوەکانی سەری ساڵ، بڕیار و ڕێکارەکان چڕ دەکەینەوە، هەروەها لە فڕۆکەخانە و خاڵە سنوورییەکانیش چاودێرییەکان توندتر دەکەین".

وەزیری تەندروستی جەخت له‌وه‌ دەکاتەوە، بڕیاری کەرنتینکردن بەهیچ جۆرێک ئێستا له ئارادا نییە، ئاشكراشى كرد: "بڕیاری پێویست دەدرێت و ڕەچاوی تەندروستیی گشتیی هاووڵاتییان دەکەین، هه‌روه‌ها دڵنیا نین جۆره‌ نوێیه‌كه‌ى كۆرۆنا گەیشتبێتە عێراق".

د. سامان بەرزنجی لەبارەی کەمبوونی ڕێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گوتی: "بەدڵنیایی نیشاندەرێکی باشە و سەرکەوتنی پلان و ڕێکارەکانە و دەرخەری پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانه‌ لەو بابەتە، بەڵام کەمبوونەوەی ئامارەکان لە ترسناکیی کۆرۆنا دوورمان ناخاتەوە، دەبێت هاووڵاتییان لەسەر ڕێکارەکانی خۆپارێزی هەر جدی بن".

وه‌زیرى ته‌ندروستى باسى له‌وه‌ش كرد: "ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانى هه‌رێمى كوردستان، ڕەوشی ئێستای کۆرۆنا و ڤاکسین و جۆره‌ نوێیەکەی کۆرۆنای نوێ و پێشنیارەکانمان بۆ ڕێکارەکانی حکوومەتى هه‌رێمى كوردستان، بە ڕاپۆرتێک خستە ڕوو".










باسنيوز
Top