له‌ گوندێكى هه‌ولێر دوو پڕۆژه‌ى كاره‌با به‌گه‌ڕ ده‌خرێن

له‌ گوندێكى هه‌ولێر دوو پڕۆژه‌ى كاره‌با به‌گه‌ڕ ده‌خرێن


وه‌زاره‌تى كاره‌باى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، له‌ژێر چاودێریی سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ گوندێكى هه‌ولێر دوو پڕۆژه‌ى كاره‌با به‌گه‌ڕ ده‌خرێن.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23/12/2020، وه‌زاره‌تى كاره‌با ڕاگه‌یاندراوێكى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: "كاتژمێر 11ى پێش نیوه‌ڕۆى سبه‌ى پێنجشه‌ممه‌ له‌ مه‌راسیمێكدا و لەژێر چاودێریی مه‌سرور بارزانى، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی كارەبا دوو پرۆژەی گرنگی كارەبا لە گوندی بەرحوشتر لە پارێزگای هەولێر، بە گوژمەی 333 ملیۆن و 160 هه‌زار دینار لەسەر داهاتی كارەبای هەولێر، به‌گه‌ڕ ده‌خات".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، پڕۆژه‌كان بریتین له‌ گواستنەوەی وێستگەی مۆبایلی گۆڕینی 11/132 كه‌ی ڤی لە توورەق بۆ بەرحوشتر، هه‌روه‌ها پڕۆژەی دەرهێنانی چوار فیدەر لە وێستگەی مۆبایلی بەرحوشتر + دەرهێنانی دوو فیدەر لە وێستگەی ڕۆژئاوا بۆ گەیاندنی بە دوو فیدەر لە وێستگەی مۆبایلی توورەق، كه‌ لەلایەن كۆمپانیای پاڵۆس جێبەجێ كراون.

وه‌زاره‌تى كاره‌با ڕوونیشى كردووه‌ته‌وه‌، بەم پڕۆژانه‌ بەشێك لە بارزۆری لە بەرحوشتر و دەوروبەری گردەچاڵ و بەشێك لە ناحیەی بەحركە چاره‌سه‌ر ده‌بێت.






باسنيوز
Top