زانکۆی ستراتفۆرد لە هەولێر؛ چارەنووسی خوێندنی 240 خوێندکار نزیکە لە بەفیڕۆچوون
بەشێک لە قوتابییانی زانکۆی ستراتفۆردی ئەمریکی لە هەولێر بۆیان دەرکەوتووە زانکۆکەیان دانپێدانراو نییە، نە لەلایەن زانکۆی دایک و نە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستانیشەوە. بەو هۆیەشەوە 240 خوێندکاری زانکۆکە کە لە قۆناخی یەک، دوو و سێ خوێندوویانە چارەنووسی خوێندنیان نزیکە لە بەفیڕۆچوون.
یەکێک لە خوێندکارەکان بەناوی ڤانە زیاد دەڵێت "من قۆناخی یەک بووم و بڕیاربوو بچمە قۆناخی دوو، ئێستا دەبێت بگەڕێمەوە قۆناخی یەک و پارەی هەردوو زانکۆکەش بدەم. داواکاریم ئەوەیە کە نەمگەڕێننەوە قۆناخی یەک و پارەی زانکۆی ستراتفۆردیشم لێ وەرنەگرن".
خوێندکارێکی دیکە بەناوی شاسوار ساڵح ئاماژەی بەوە کرد "لە وەزارەتیش پێیان گوتین زەرەرمەندی سەرەکی قوتابییەکانن و ئەگەر وابێت ئێمە هیچ مافێکمان نابێت".
نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر، زانکۆی ستراتفۆردی ئەمریکی لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا رەتیکردەوە هیچ لقێکی لە هەرێمی کوردستان هەبێت، تێیدا دەڵێت، "بە هیچ شێوەیەک ناوی خۆتان لەو زانکۆیە تۆمار مەکەن". لە مانگی 3ی 2020 چەند میدیایەکی ئەمریکا باس لەوە دەکەن کە متمانەی زانکۆی سراتفۆرد بەهۆی کردنەوە ئەو پرۆگرامی خوێندنە کە لە هەولێر کردوویەتی و پەسندنەکراوە کەوتووەتە مەترسییەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە مانگێک بەر لە کرانەوەی لقی ئەو زانکۆیە، ئەندامێکی بۆردی زانکۆکە باسی لە کردنەوەی شەش کەمپەس کرد لە هەولێر.
ریچارد شێرتز، ئەندامی بۆردی زانکۆی ستراتفۆرد رایگەیاندبوو "ئێمە شەش زانکۆمان هەیە لە ئەمریکا، یەکێک لە ڤێرجینیا و یەکێک لە مێریلەند. هەمان کوالێتیی خوێندن دەهێنین بۆ کوردستان".
لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان بەدواداچوونیان بۆ بابەتەکە کردووە. عەبدولسەلام دۆڵەمەری، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەڵێت "چارەنووسی ئەو قوتابییانە لە ئەستۆی وەزارەتی خوێندنی باڵایە، چونکە هەموو ئەوانە بە ئاگاداریی وەزارەت چوونەتە ئەو زانکۆیە و ناکرێت وەزارەت لەبەر بابەتی شەخسی، وەکو زانکۆ دەڵێت، خۆی لەو بابەتە دووربخاتەوە".
لقی زانکۆی ستراتفۆرد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2018 لە هەولێر کرایەوە، لە ماوەی دوو ساڵدا 240 قوتابیی لە 12 بەشدا وەرگرت. دوای کەمتر لە ساڵێک لە کارکردنی، زانکۆی ستراتفۆرد لە ئەمریکاوە هەر جۆرە پەیوەندییەکی بە لقی هەولێرەوە رەتکردووە.
rudaw -
