بەشێك لە دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگەكانی كەركووك گرد بوونەوە

بەشێك لە دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگەكانی كەركووك گرد بوونەوە
سێ رۆژە لەسەر یەك لەبەردەم باڵاخانەی پارێزگای كەركووك، لەدژی نەبوونی كارەبا و خزمەتگوزارییەكانی تر، هەروەها نەبوونی دامەزراندن لە كەرتی گشتی بۆ دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگەكان گردبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێوە دەچێت.

ئەحمەد كامیل، دەرچووی كۆلیژی زانست و بەشداری لە گردبوونەوەكەی ئەمڕۆی كەركوك كردووە، ڕایگەیاند ئێمە ئەمڕۆ بەشداریمان لە گردبونەوەیەكەدا كرد بۆ ئەوەی كار بكرێت تاكوو دابمەزرێین، چونكە ئەوە چەند ساڵێكە خوێندنمان تەواو كردووە، کەچی هێشتا دانەمەزراوین و بارودۆخەكە ئێستا وای لێ هاتووە كار و كەسابەتیش لە كەركووك زۆر كەم بووەتەوە".

گوتیشی: "ئێمە پێشتریش خۆپیشاندان و گردبوونەوەمان لە كەركووك ساز داوە بۆ ئەوەی بەرپرسان كار بكەن تاكوو دابمەزرێین، بەڵام ئەمجارە بەهۆی ئەوەی چەند رۆژێكی كەمی ماوە تاكوو بڕۆینە ناو ساڵی نوێوە و باس لەوە دەكرێت پلەی دامەزراندن دەكرێتەوە، بۆیە داوا دەكەین كە رێژەیەك بۆ كەركووكیش تەرخان بكرێت، چیتر كەركووك پەراوێز نەخرێت".

ماوەی سێ رۆژە لەسەر یەك گردبوونەوەی ناڕەزایی لەبەردەم باڵاخانەی كەركووك بەڕێوە دەچێت كە رۆژی یەكشەممەی رابردوو 20/12/2020، بە دەسپێشخەری گرووپی خەڵك لەدژی كەمیی پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتمانی، هەروەها نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان، گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی بەڕێوە چوو، هەروەها دوێنێ دووشەمممە 21/12/2020 گرووپی شەقام لە هەمان شوێن و بۆ هەمان مەبەست گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان ساز کرد و ئەمڕۆش بەشێك لە دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ دامەزراندنیان گردبوونەوەیان بەڕێوە بردووە.












باسنیوز



Top