هەولێر و دهۆک کاری قاچاخی ڕێکخراو بەتەواوی کۆنتڕۆڵ دەکات
لە سەرچاوەی ئاگادارەوە زانیویەتی ئێستا بەهیچ شێوەیەك لە هیچ مەرزێكی سنووری هەولێر و دهۆكدا هیچ جۆرە قاچاخییەكی ڕێكخراو نەماوە و هەرچی لە رابردوو هەبووە، لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت ڕێگەی لێگیراوە.
بەڵام هەر بەپێی زانیارەکان، شەوان لە سنووری مەرزەكانی سلێمانی و هەڵەبجە قاچاخچێتییەكی زۆر دەكرێ و ئەو بارانەی كە پارەی باش دەبێت وەك گومرگ بدەن، شەوان دەهێندرێنە ناوەوە تاوەكوو پارەی قاچاخییەكە بۆ خۆیان بێت، لەو پارانەشی کە وەردەگیرێن تەنیا وەکو روونکردنەوەی خەرجی نەبێت وەکو پارە هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەولێر ڕەوانە ناکرێت تاوەکو ئەویش ببێت بە بەشێک لە مووچەی فەرمانبەران، چونکە ئەگەر داهاتی سلێمانی هەمووی بێتەوە كوردستان و ئەو قاچاخچێتییە نەمێنێت، توانای حكوومەت بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران بە ڕێژەیەكی باشتر بەرز دەبێتەوە. بەڵام بەرپرسانی سلێمانی دەیانەوێ هەم داهاتەكانی سنوورەكەیان بۆ خۆیان ببەن و هەمیش پارەی هەولێر و دهۆكیان بۆ بچێت.
هەر بەپێی زانیاریەکان، لە كۆی ئەو داهاتەی لە ناوخۆی كوردستان دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكوومەت، تەنیا ٣٠٪ی داهاتی سلێمانییە و ٧٠٪ داهاتی هەولێر و دهۆكە، لەگەڵ ئەوەش ٤٧٪ی كۆی پارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە و خەرجییەكانی سلێمانی دەچێت، واتە مووچە و خەرجییەكانی سلێمانی لەو داهات و پارانە دەدرێت كە لە هەولێر و دهۆكەوە دەچێتەوە خەزێنەی گشتی.
هەر بەپێی زانیاریەکان، لە ٢٠٠٣وە تائێستا نزیكەی نیوەی سەرجەم ئەو داهاتەی لە بەغداوە دراوەتە هەرێمی كوردستان، بۆ سلێمانی نێردراوە، هەولێر و دهۆكیش بە هەردووكیان تەنیا ٥٧٪ی داهاتەكەیان پێدراوە، ئەگەر هەردوو شارەكە پێشكەوتنێكی بەرچاویان بەدیهێناوە و سلێمانی بە بەراورد بەوان پێشنەكەوتووە یان خزمەتی پێویستی نەكراوە، بابەتەکە ئەوەیە لەوێدا کۆی پارەكە لە خزمەتكردنی خەڵكی خەرج نەكراوە.
لەکاتێکدا بەپێی بەدواداچوونێکی (باسنیوز)، دەرکەوتووە کە داهاتی ئەو شارە بە بێ بەرهەمی نەوت لە بەنزین و نەوتی سپی و غاز، لە ساڵانی رابردوو پێش پەتای کۆڕۆنا و ئەو دۆخە ئابووریە جیهانیەی دروست بووە، داهاتە ناوخۆییەکان لە هاتوچۆ و کارەبا و باج و رسووماتەکان، ساڵانە گەیشتووەتە نزیکەی 800 ملیار دینار، بەڵام ئەو داهاتە وەکوو پارە لە ساڵی 2014ەوە هەمووی ڕەوانەی هەولێر نەکراوە، تەنیا بە گشتی روونکردنەوە لەسەر خەرجییەکان دراوەتە وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکان، تەنیا داهاتی گومرگەکانی سلێمانی بە (باشماخ و پەروێزخان و سەیران بەن و گومرگە نافەرمییەکان) ساڵانە گەیشتووەتە 400 ملیار دینار، بە شێوەیەک تەنیا داهاتی مەرزی باشماخ، نزیکەی 300 ملیار و پەروێزخان 84 ملیار و سەیران بەن 36 ملیار دینار بووە، کە ماوەیەکی کەمە لەدوای ئەو دۆخە ئابووریەوە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوە جگە لەو خاڵە گومرگییە نافەرمییانەی کە کۆڵبەران و بە ڕێگەی نایاسایی کاڵا و شتومەکیان لێوە هاتووە و ڕۆیشتووە.
هەروەها، داهاتی ساڵانەی فڕۆکەخانەی سلێمانی نزیکەی 20 ملیار و کارەبای سلێمانی 85 ملیار و شارەوانی 48 ملیار و زیاتر لە 240 ملیار دیناریش ساڵانە داهاتی بەڕێوبەرایەتییەکانی سلێمانییە، ئەوە جگە لە داهاتی بەرهەمەکانی نەوت، کە نزیکەی 50 ملیار دیناری مانگانە بووە.
لەمبارەوە، د.سامان شاڵی، چاودێری سیاسی، رای گەیاند، پێویستە داهاتەکانی هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی حکوومەت و لەوێدا بەشێوەیەکی دادپەروەر دابەش بکرێت بۆ سەر شارەکان، بەڵام وادیارە بەو شێوەیە نەبووە، هەربۆیەش بەپێی زانیاریەکان ئێستا ئێران 80%کاری بازرگانی خۆی لە سنووری حاجی ئۆمەرانەوە گواستووەتەوە بۆ سنووری باشماخ و مەرزەکانی دیکە، گووتی ”ئەگەر هەمووی یەک سەرچاوە بێت زۆر ئاساییە ئێران لەو مەرزە بازرگانی دەکات یان لەوەی دیکە، بەڵام کە سەرجەم داهاتەکان بۆ یەک خەزێنە نیە، بێگومان ئەوە کاریگەری دەخاتە سەر داهاتی تەواوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان“.
باسنیوز
